بەهۆی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی، ژینگەی شارەکانی هەرێمی کوردستان بەراورد بە رۆژانی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو پاکبووەتەوە و کوالێتیی هەواکەی باشتر بووە.
بەپێی پێگەی "IQAir"ـی سویسری کە تایبەتە بە چاودێریی هەوا و ژینگەی شارەکانی جیهان لەڕووی کوالێتییەوە، کوالێتیی هەوای پارێزگای هەولێر لەمڕۆدا ٤٢ AQI یە، بەڵام لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو ٦٨ AQI و رۆژی سێشەممە ٨٠ AQI بووە.
سەبارەت بە پارێزگای سلێمانی، لە سەنتەری شاردا ئەمڕۆ کوالێتیی هەوا ٣٩ AQI بووە، بەڵام لە رۆژی دووشەممە و سێشەممەی رابردوودا سەروو ٩٠ AQI بووە.
لە پارێزگای هەڵەبجە کوالێتیی هەوای ئەمڕۆ ٥٦ AQI بووە و پێشبینی دەکرێت کوالێتیی هەوا بۆ سبەینێ و دوو سبەی پاکتربێتەوە و بگاتە خوار ٥٠ AQI، لە رۆژی دووشەممە و سێشەممەی رابردووشدا کوالێتیی هەوا ٨٣ و ٩١ AQI بووە.
پێوەرەکانی کوالێتیی هەوای ئەمریکا "AQI" ئامرازێکە بۆ دیاریکردنی هەوای دەرەوە پەیوەست بە تەندروستیی مرۆڤەوە، کە بەپێی پێوەرەکانی، بەرزیی ژمارەکە تا ٥٠ AQI ئاساییە و هەوای ناوچەکە لەڕووی ستانداردی جیهانییەوە تەندروستە، بەڵام ئەگەر لەسەروو ١٠٠ بێت هەواکە ناتەندروستە و پێویستە هاوڵاتیانی ناوچەکە رێکاری پێویست بگرنە بەر، وەک: داخستنی پەنجەرە، بەکارهێنانی ماسک و سنووردارکردنی چالاکییەکانیان لە دەرەوە.