بە درێژایی 10 كیلۆمەتر رێگەی قەڵادزێ-دارەشمانە نۆژەن دەكرێتەوە

09:43 - 2024-11-24
کوردستان
35 جار خوێندراوەتەوە

جێگر خدر

رێگەی قەڵادزێ-دارەشمانە، كە رێگەیەكی گرنگی سنوورەكەیە، بە درێژایی 10 كیلۆمەتر نۆژەن دەكرێتەوە و بڕی پارەی تەرخانكراویش نزیكەی سێ ملیار دینارە.
تاریق خدر بەڕێوەبەری چاككردن و پاراستنی رێگەوبانی راپەڕین، لە لێدوانێكیدا بۆ كوردستانی نوێ، وتی: لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، دەستكرا بە نۆژەنكردنەوەی رێگەی قەڵادزێ-دارەشمانە، كە رێگەكە گرنگ و ستراتیژییە بۆ ناوچەكە و داواكاریی زۆری هاووڵاتیان بوو. وتیشی: درێژیی رێگەكە 10 كیلۆمەترە و ئێستا %45ی كارەكانی تەواو بووە و كاركردنیش تێیدا بەردەوامە، بودجەی تەرخانكراویش بۆی دوو ملیار و 875 ملیۆن و 500 هەزار دینارە و دەبێت لەماوەی 300 رۆژدا تەواوبكرێت.
سەبارەت بە پڕۆژەكەش، دەڵێت: بەگشتی كارەكانی پرۆژەكە پێكدێت لە هەڵگرتنەوەی قیر و رێكخستنەوە و جۆگەی تەنیشتی رێگاكە بە درێژایی نۆ كیلۆمەتر و بڕین و فراوانكردنی رێگاكە زیاتر لە 10 هەزار مەترسێجا، هەروەها پڕكردنەوەی چەند وێستگەیەك بە بڕی زیاتر لە 12 هەزار مەترسێجا، لەگەڵ تێكەڵەڕێژكردن بە درێژایی نۆ كیلۆمەتر و پانی 12 مەتر و فەرشكردن و دروستكردنی چوار ئاوبارەی كۆنكرێتیی نوێ و چاككردنی لادانە كاتییەكان.
رێگەی قەڵادزێ-دارەشمانە، رێگەیەكی بازرگانییە و دەروازەی كێلێ بە قەڵادزێ دەبەستێتەوە و لەڕووی گەشتیاریشەوە سوودێكی گەورەی بۆ ناوچەكە دەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان