محەمەد شەیاع سودانی، پێشوازی لە وەفدێکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی دەکات

05:38 - 2024-11-25
کوردستان
51 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد شەیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پێشوازی کرد لە وەفدێکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی، کە لەبواری رۆشنبیری نیشتمانی و مرۆیی و پاراستنی ئەرشیفی سەرۆکی کۆچکردوو چالاکە.

لەدیدارەکەدا ژیاننامە و شوێن پەنجەی سەرۆکی کۆچکردوو مام جەلال تاڵەبانی و هەڵوێستە نیشتمانییەکانی خرایەڕوو، هاوشانی هێزە سیاسییە نیشتمانییەکانی تری عیراق لە بەرەنگاربوونەوەی رژێمی دیکتاتۆری و بەشداریکردنی لەبنیاتنانی عیراقی نوێ بەگوێرەی بنەماکانی دەستوور و دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان رۆڵەکانی یەک نیشتماندا.

سودانی ستایشی ئەو رۆڵە مێژووییەی سەرۆک مام جەلالی کرد و جەختی لەوەکردەوە کە بەڕاستی سەمامی ئەمان بوو بۆ گەلی عیراق و پێویستە کار بکرێت بۆ پاراستنی کەلەپوور و ئەرشیفەکانی، و خەباتی خۆی و خەباتی  هێزە نیشتمانییەکان لە دژی ستەم و تاوانی رژێمی دیکتاتۆری بناسرێنرێت.

سودانی فەرمانی کرد کە ئامرازەکانی کارکردن و هاوکاری لە نێوان دامەزراوەکە و رێکخراو و دامەزراوەکانی تر دابین بکرێت، بەمەبەستی دامەزراندنی بەرنامەکانیان لە سەرانسەری عیراق و بەشداری کردن لە چارەسەرکردنی دۆسیەکان و ئاستەنگەکانی بواری لێهاتوویی خۆیان.

وەفدەکە ئەوەیان بۆ سودانی روونکردەوە، کە چالاکیەکانی بریتییە لە هاوکاری ئەکادیمی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە زانکۆکانی عیراق و کارکردن لەسەر بڵاوکردنەوەی بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و مافەکانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و پاراستنی ژینگە و کارەکانیان تەنها پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی عیراق ناگرێتەوە، بەڵکو هەوڵی کارکردن و چالاکی دەدەن لە سەرجەم پارێزگاکانی عیراق.

بابەتە پەیوەندیدارەکان