وەفدێكی پارتی بەنهێنی بۆ داوای لێبووردن سەردانی حزبی تەقەدومیان كردووە و داوایانكردووە پەرلەمانتارەكانیان ئیمزاكانیان بۆ دەركردنی شاخەوان عەبدوڵڵا بكشێننەوە.
هەیبەت حەلبوسی، سەرۆكی كوتلەی تەقەدومی سەر بە محەمەد حەلبوسی بڵاویكردەوە، وەفدێكی باڵای پارتی بۆ داوای لێبوردن لە؟هەڵسوكەوتی پاسەوانێكی شاخەوان عەبدوڵڵا سەردانیان كردوون و بەڕەسمی داوای لێبوردنیان كردووە و رایانگەیاندووە كاری لەو شێوەیە دووبارە نابێتەوە و پۆزشی زۆریان هێناوەتەوە تا لە شاخەوان عەبدوڵڵا خۆشبن و ئیمزاكانیان بكشێننەوە بۆ دوورخستنەوەی.
بەپێی زانیارییەكان وەفدەكەی پارتی پێكهاتبوو لە بەنگین رێكانی وەزیری ئاوەدانكردەوەی عیراق و شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عیراق و چەندین پەرلەمانتاری تری حزبەكە.
ئەو هەنگاوەی پارتی لە بەغدا لەكاتێكدایە چەندینجار پەرلەمانتاران و پاسەوانانی پارتی لەپەرلەمانی كوردستان، هێرشیان كردۆتە سەر پەرلەمانتارانی لایەنەكانی تر، بەڵام هەرگیز بەو شێوەیە داوای لێبوردن و پۆزشیان نەكردووە.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كاردانەوەی هاووڵاتییانی بەدوای خۆیدا هێناوە و ئاماژە بەوە دەكەن ئەگەر پارتی لە هەرێمی كوردستانیش بەو شێوەیە بەرامبەر هاووڵاتییان و لایەنە سیاسییەكان نەرمی بنوێنێت و داوای لێبوردن بكات دۆخی هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەسەردا دێت و پەیوەندیی لایەنەكان لە ئاستێكی تردا دەبێت.
GK