فراكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ تاوتوێكردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆبوونەوە و بریاردرا هەفتەی داهاتوو هەرێم و عیراق و دادگای فیدراڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەكە كۆبنەوە.
هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی راگەیاند، وەكو سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی تایبەت بە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆبوونەوەتەوە.
وتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەیان بەوەكردووە، وەزیری دارایی فیدراڵ پابەندی بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدراڵی نابێت و ناردنی موچەی پەیوەستكردووە، بە رادەستكردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێم و ململانێ سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، لە بەرامبەردا سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی جەختیلەوەكردووەتەوە، كە پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تێكەڵی هیچ بابەتێكی دیكە نەكرێت و لەكاتی خۆیدا بنێردرێت.
هەرێم كەمال ئاغا وتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە هەفتەی داهاتوو بە سەرپەرشتی سەرۆكی دادگای فیدراڵی لەسەر ئاستی باڵا كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بكرێت و تێیدا كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە.