د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار پێشوازیی لە د.مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرد و رەوشی سیاسیی وڵات و میكانیزمەكانی هاوئاهەنگی نێوان هەردوو سەرۆكایەتی بۆ پێشكەشكردن و پەسندكردنی پرۆژەیاسا گرنگەكان، تاوتوێكران.
لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەسەر گرنگیی كاركردن بۆ پەسەندكردنی ئەو یاسایانەی راستەوخۆ پەیوەندییان بە كار و بژێویی هاووڵاتیانەوە هەیە لەپێناوی مسۆگەركردنی ژیانێكی ئازاد و ئارام و شكۆمەندانە بۆیان، ئاماژەش بە پێشهات و بارودۆخە ئیقلیمییەكان كرا و لەوبارەیەوە جەخت لە گرنگیی هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكان كرایەوە بەتایبەتی بۆ راگرتنی جەنگ.
دیداری سەرۆك كۆمار و نێردەی تایبەتیی سەرۆكی روسیا
د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، پێشوازی لە میخائیل بۆگدانۆڤ نێردەی تایبەتی سەرۆكی روسیا بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا كرد و سڵاوی ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیای پێگەیاند.
لە دیدارەكەدا، كە دوێنێ لە بەغدا بەڕێوەچوو، پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و پێشهاتە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان تاوتوێكران، پێویستیی یەكخستنی هەوڵەكانیش لەپێناوی بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیریی لە ناوچەكەدا، تەئكیدی لەسەر كرایەوە.
سەرۆك كۆمار، جەختی لە قووڵیی پەیوەندییەكان لەگەڵ روسیا كردەوە و رایگەیاند: پێویستە ئەو پەیوەندییانە پێشبخرێن بەئاڕاستەی پێشخستنی بوارەكانی وزە، ئابووری، تەكنەلۆجیا و وەبەرهێنان.