هێمن ئەحمەد
رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك، لە سەردانە مەیدانییەكانی بەردەوامە، بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی گەڕەكی شۆراوی كرد و چەندین كۆڵانی ئەو گەڕەكەی بەسەركردەوە و بەڵێنی گەیاندنی خزمەتگوزاریی پێدان، كە لە رابردوودا بێبەشكراون لە پرۆژەكان.
لەوبارەیەوە، عەبدوڵڵا میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە كوردستانی نوێ -ی راگەیاند: لە سەردانەكەدا ژمارەیەك بەڕێوەبەری فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، هاوڕێی پارێزگار بوون، بۆ ئەوەی راستەوخۆ پرۆژەكان بخرێنە بواری جێبەجێكردنەوە، وتیشی: پێشووتر جیاوازییەكی زۆر لە گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لەنێوان گەڕەكەكانی كەركوكدا كرابوو، ئەم سەردانانەش بۆ ئەو مەبەستەیە كە خزمەتگوزاریی بەو گەڕەك و كۆڵانانە بگەیەنرێت كە پشتگوێخرابوون، ئەوەش لەو چوارچێوەیەدا كە پێشتر بەڵێنمان بە هاووڵاتیان دابوو حكومەتێكی خزمەتگوزار بین بۆ سەرجەم پێكهاتەكان.