دەرهێنەر و شانۆكار مەریوان عەبدولڕەحیم كەریم كە بە مەریوان زەنگەنە ناسراوە، ساڵی 1968 لەكەركوك چاوی بە دنیا هەڵهێناوە و دەرچووی بەشی شانۆیی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی موسڵە لە ساڵی 1989دا و یەكێكە لە دەرهێنەر و شانۆكارانی ئەكادیمی شاری كەركوك و تا ئەمڕۆ بەردەوامە لە خزمەتكردنی شانۆ لەو شارە دێرینەدا و لەم دواییەشدا خەڵاتی باشترین تێكستی شانۆیی (گەمەی كەرەكان) كە لە نووسینی خۆی بوو، لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی شانۆی كوردی لە شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەستهێنا.
مەریوان زەنگەنە بە دوالاپەڕەی وت: یەكەم كاری شانۆییم ساڵی 1976 بوو لە ناوەندی ئیمام قاسم دواتر بەردەوام بووم لە كارە هونەرییەكانم، لەوانە كردنەوەی 3 پێشانگەی تایبەتی دیكۆرسازیی شانۆ لە شارەكانی كەركوك و سلێمانی و هەولێر و چاپكردنی كتێبێك بەناوی (دیكۆرسازیی شانۆ) بەزمانی عەرەبی و چاپكردنی دوو بەش لە كتێبی (دونیا) كە تایبەتن بە شانۆییەكانی نووسەری ناودار عەلی عەبدولنەبی ئەلزەیدی، وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، ئەمە جگە لە نووسین و وەرگێڕانی دەیان تێكستی شانۆیی و ئێستاش مامۆستای وانەی دیكۆر و دەرهێنانم لە پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی كەركوك و لێپرسراوی ناوەندی شانۆكارانی لقی كەركوكی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و سەرۆكی شانۆی كەركوكم، چەندین كۆڕ و سیمینارم لەبارەی دیكۆرسازی و دەرهێنانی شانۆیی بەڕێوەبردووە و لە زۆربەی فێستیڤاڵە شانۆییەكاندا وەك لیژنەی ئامادەكاریی و دادوەریی و لە دەیان نمایشی شانۆیی و دراما و كورتە فیلم وەك ئەكتەر كارم كردووە.
سەبارەت بە شانۆ لە كەركوك وتی: شانۆ لە كەركوك ئەگەر پێشەنگی شانۆی كوردیش نەبێت، ئەوا یەكێكە لە شانۆ دێرین و بەرچاو و كاریگەرەكانی گۆڕەپانی شانۆ لە كوردستان، چ لە رووە مێژووییەكەیەوە و چ لە رووی ئاست و كوالێتی و بابەت و كاریگەرییەوە، هەروەها بەپێی ئەو هەموو هونەرمەندە مەزن و بەتوانایانەی بەرهەمی هێناون، هەڵبەت هۆكاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ كۆمەڵێك فاكتەر، رەنگە گرنگترینیان ئەوە بێت كە لە كەركوك و لەو سەردەمەی دەستپێكردنیدا كۆمەڵێك خەڵكی بیانی بوونیان هەبووبێت و لایەنی رۆشنبیری و كەلتوری خۆیان بۆ كەركوك گواستبێتەوە، ئەمە وێڕای بوونی چەندین نەتەوە و ئایین و زمان و شێوەزار لە كەركوك كە ئەم فرەرەهەندی و كەلتور و رۆشنبیرییانە كاریگەریی خۆیان هەبووبێت لەسەر دروستكردنی شانۆ لە كەركوك.
لە کۆتاییدا وتیشی: رەنگە گەورەترین كێشەش نەبوونی هۆڵی شیاو بێت بۆ نمایشەكان، لەكاتێكدا كۆمەڵێك شوێن و هۆڵ هەن دەكرێت نۆژەن بكرێنەوە و ببن بە شوێنێكی شیاو بۆ نمایشی شانۆیی.
كەركوك ـ رزگار شوانی