هاكان فیدان: ئەوەی لە سوریا روویدا بە دەستێوەردانی دەرەكی روون ناكرێتەوە
میللییەت
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ عەباس عیراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە ئەنقەرە رایگەیاند: نایانەوێت شەڕی ناوخۆ لە سوریا زیاتر پەرەبسەنێت.
فیدان باسی لەوەشكرد هەردوولا بیروڕایان لەبارەی دوایین پێشهاتەكانی سوریا ئاڵوگۆڕ كردووە و وتی «لەم قۆناغەدا هەڵە دەبێت هەوڵ بدرێت رووداوەكانی سوریا بە هەر دەستوەردانێكی دەرەكی روون بكرێتەوە. ئەمە هەنجەتێكە بۆ ئەو كەسانەی كە نایانەوێت لە راستییەكان سەبارەت بە سوریا تێبگەن.
فیدان بە ئاماژەدان بەوەی كە پڕۆسەی ئاستانە توانی شەڕوپێكدادانەكانی مەیدانەكە بۆ چەندین ساڵ بووەستێنێت، هۆكاری دەستپێكردنەوەی شەڕی بەرفراوانیش لەم كاتەدا لە سوریا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر لە 13 ساڵە كێشە بەیەكەوە گرێدراوەكانی ئەم وڵاتە چارەسەرنەكراون.
فیدان وتی: پێشهاتەكانی ئەم دواییە جارێكی دیكە نیشان دەدەن كە دیمەشق پێویستی بە سازان هەیە لەگەڵ گەلەكەی خۆی و ئۆپۆزسیۆنی شەرعی. توركیاش ئامادەیە هەموو بەشدارییەكی پێویست لەم ئاراستەیەدا پێشكەش بكات.
ئەردۆغان: لە نزیكەوە چاودێریی رەوشی سوریا دەكەین
ئاكشەم
رەجەی تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند: لەنزیكەوە چاودێریی بارودۆخی ئێستای سوریا دەكەن و وەزیری دەرەوە و سەرۆكی دەزگای میت و ئیتیستخباراتیش لە هەماهەنگیدان لەو بارەیەوە و چی پێویست بێت دەیكەن بۆ پاراستنی «ئەمنی قەومیی توركیا» و تەئكیدی كردەوە كە «سوریا لە ئەولەویەتی ئەمنی قەومیی توركیادایە».
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، رەوشی ئەم دواییەی سوریا هەستیاریی و نیگەرانییەكانی وڵاتەكەی پشتڕاستكردەوە سەبارەت بە سوریاو تەئكیدی كردەوە: بە هەموو شێوەیەك یەكپارچەیی خاكی سوریا و یەكێتیی نەتەوەیی سوریا دەپارێزین، وتیشی «ئێمە سات بە سات، لە مەیدانەكەدا بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ رەوشەكە دەكەین و رێوشوێنی خۆپارێزیی پێویست دەگرینەبەر بۆ رێگریكردن لە هەر كردارێكی جیاوازی تایبەت كە زەرەرمەندبێت».
توركیا و عیراق رەوشی سوریا تاوتوێ دەكەن
توركپرێس
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا ئەنجامدا تایبەت بە تاوتوێكردنی پێشهاتەكانی سوریا و ئاسایشی ناوچەكە.
لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لە میانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا باسیان لە پێشهاتەكانی ئەم دواییەی سوریا كرد و بیروڕایان لەسەر ئاڵوگۆڕكرد، هەردوولا تەئكیدیان كردەوە لەوەی كە بارودۆخەكە زۆر ئاڵۆزە و نابێت ببێتە هۆی هەڕەشە لەسەر ئایندەی سوریا و لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەردوو وەزیری دەرەوە جەختیان لەپێویستیی بەردەوامیی پەیوەندییەكان لە رۆژانی داهاتوودا كردووەتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەمنیی ناوچەكە و رێگریكردن لە كاریگەریی دۆخی ناسەقامگیری سوریا لەسەر وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی دراوسێی سوریا و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی و گرنگیی بەردەوامی پرس و راوێژكاریی و بەدواداچوون و هەڵوێستی هاوبەشی نێوان توركیا و عیراق، سەبارەت بە رەوشی سوریا و تەواوی ناوچەكە.
یەپەگە هێرش دەكاتەسەر رۆژهەڵاتی فورات
ئاكشەم
یەپەگە هێرشیان بۆ دوورخستنەوەی هێزەكانی رژێمی بەشار ئەسەد لە گوندەكانی رۆژهەڵاتی فورات دەستپێكرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە خۆجێییەكانەوە دەستكەوتوون، یەپەگە بە پاڵپشتیی ئەمریكا، لە سێ قۆڵەوە هێرشی كردۆتەسەر گوندەكانی مورات، هاششام، مەزڵوم، تابیە، حوسەیینییە، ساڵحییە و هاتڵە لە دێرەزۆر، هێرشیان كردۆتەسەر هێزەكانی رژێم و هەموو ئەو گروپانەی كە مەترسین لەسەر كوردەكانی رۆژئاوا.
بەپێی زانیارییەكان، بەشێكی زۆری زەوییەكانی دێرە زۆر لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات لەژێر دەستی یەپەگەدایە، بەڵام ناوەندی شار و ناوچە گوندنشینەكانی دیكە لەژێر كۆنترۆڵی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و گروپەكانی دیكەدان.