دوای ئەوەی بە مەبەستی نۆژەنكردنەوە، سەرجەم خێزانەكانی سەرقەڵای هەولێر گوازرانەوە و تاڕادەیەك لە دانیشتوان چۆڵ كرا، ماوەی زیاتر لە 18ساڵە خانەوادەیەك بەتەنیا لەو شوێنە دەژین، لەبەسەركردنەوەیەكی كوردستانی نوێ بۆ لای ئەو خێزانە تاقانەیە، باس لە چۆنیەتی ژیانی رۆژانە و دابینكردنی پێداویستییەكانیان دەكەن، ئاماژە بە بەڵێنەكانی پارێزگاری هەولێریش دەكەن، كە چۆن بەڵێنیان پێداون هاوكارییان بكەن، كەچی وەكو پێویست ئاوڕییان لێنەدراوەتەوە.
رێبوار محەمەد، سەرۆكی ئەو خانەوادەیەی ئامادەبوون بەتەنیا وەك خێزانێك لەسەر قەڵا بژین بۆ كوردستانی نوێ وتی: هەرچەندە ئێمە لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی هەرمك و مێرگەسەری ناوچەی بالیسانین، بەڵام باوكم لە ساڵی1977بەخانەوادەكەیەوە دێتە قەڵای هەولێر و لەوێ نیشتەجێ دەبێت و من لە قەڵاكە لەدایكبووم، دوای چەندین ساڵ نیشتەجێبوونمان، ماڵی باوكم و دوو برام و سەرجەم دانیشتوانی قەڵا، گواسترانەوە گەڕەكێكی تازە بەناوی قەڵاتی نوێ و قەرەبووكرانەوە، ئەوەی مایەوە لەم شوێنە ئێمە بووین، ئەوەش لەسەر داوای پارێزگای هەولێر و قایمقامیەتی شارەكە.
وتیشی: ژیان لەسەر قەڵاكە لەگەڵ شوێنەكانی تر جیاوازی زۆری هەیە، بۆ نموونە لە خوارەوەی شارەكە، دەتوانیت سەرجەم پێداویستی رۆژانە بە ئاسانی دابین بكەی، بەو پێیەی بازاڕ و فرۆشگای لێوە نزیكە، بەڵام لەسەر قەڵا هیچ شتێكی لەوانەی لێ نییە، تەنانەت بۆ خوێندنی منداڵەكانمان دەبێت لە گەڕەكەكانی خوارەوەی قەڵا بخوێنن و هیچ پاسێكیش بەهۆی بەرزی شوێنەكە، ئامادەنین هاتوچۆیان پێبكەن، یان داوای پارەیەكی زۆر دەكەن، لەكاتێكدا من موچەخۆرم توانای داراییم دیاریكراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد: یەكێكی تر لەكێشەكانی ئێمە ئەوەیە، شەو و رۆژ شەڕكردنە لەگەڵ زیندەوەری مەترسیدار لەسەر قەڵا، ئەوەش بەهۆی چۆڵبوونی قەڵاكە لە دانیشتوان، زیندەوەری وەك مار و دووپشكی زۆری لێیە، جگە لەوانەش بەهۆی بەردەوامیی كاری نۆژەنكردنەوەی قەڵا، منداڵاكانمان وەكو پێویست ناتوانن لە ماڵ بچنە دەرەوە، لەگەڵ ئەوەش من قەڵا بەجێناهێڵم.
ئەو سەرۆك خێزانە، لە قسەكانیدا ئەوەی باسكرد كە پێیانخۆشە لەداهاتوودا خەڵكی تریش لە قەڵاكە بژێت و بەتەنیا لەوێ نەبن و ئەو دەیوت: پێمانباشە چەند خێزانێكی دیكە، بەتایبەتی كەسوكاری خۆمان بێن لە قەڵاكە لەگەڵمان بژین، نەوەك ئێمە بچینەوە ناو گەڕەكێكی قەرەباڵخ، چونكە تاڕادەیەك بە ژیانی تەنیایی راهاتووین، كە ماوەی 18ساڵە بەو جۆرە بەتەنیا دەژین.
باسی لەوەشكرد: تائێستا هیچ هاوكارییەك نەكراوم لە بڕی ئەوەی لەوێ بەتەنیا دەژین، بەتایبەتی خانوەكەمان بچووكە و بەشی خێزانێكی شەش كەسی ناكات، هەرچەندە كۆمسیۆنی بوژانەوەی قەڵای هەولێر بەڵێنیان بەمنداوە خانوویەكی گەورەو شایستەم لەسەر قەڵاكە بۆ دابین بكەن، بەڵام بەبیانووی نەبوونی بودجە هیچ نەكراوە، لەكاتێكدا بودجەی نۆژەنكردنەوەی قەڵا لەلایەن رێكخراوە بیانییەكانی تایبەت بە شوێنەوار دابین دەكرێت.
پێشیوابوو: دەبوو لەگەڵ رازیبوونم بە ژیان لەسەر قەڵا، یەكەم كاری كۆمسیۆنی نۆژەنكردنەوە، دابینكردنی خانوویەك بێت بۆ خێزانی ئێمە، بەڵام هیچ كەسێك خانەوادەكەی منی لەبیر نییە، بۆیە گللەییمان لە حكومەتی هەرێم ئەوەیە، كە قەڵای هەولێر بەهۆی خێزانەكەی من ئەو نازناوەی وەرگرتووە، ئەویش بەردەوامی ژیانە لەسەر قەڵای هەولێر،کەچی ئەوەش گوزەرانمانە.