لە هەموو جیهاندا كاتێك وڵاتێك یان حكومەتێك دروست دەبێت، شارێك دەكەن بە پایتەخت كە لەچەند رووەوە لە شارەكانی تر جیادەكرێتەوەو چەندین تایبەتمەندیی پێدەدرێت، لەوانە ژمارەی دانیشتوان و شوێنی جوگرافی و بوونی سەرجەم دامەزراوەكانی دەوڵەت و نوێنەرایەتی وڵاتان و ناوەندە دیپلۆماسییەكان، هاوكات كۆبوونەوەی بارەگای سەرەكی سەرجەم حزبە سیاسییەكان و بوونی زۆرترین دەزگاكانی راگەیاندنی حكومی و ئەهلی، لەگەڵ چەندین تایبەتمەندیی تر.
جگە لەوانە پایتەخت دەبێتە ئاوێنە و ناسنامەی وڵات، لەوێیەوە ئاستی پێشكەوتن و رۆشنبیری و ئازادی و بژێوی ژیانی خەڵك دەزاندرێت، تەنانەت لەناوهێنانی وڵاتێك ناوی ئەو شارە بەكاردەهێنن كە دەبێتە پایتەخت.
هەولێریش وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان، بۆئەوەی یەكێك بوایە لەو پایتەختانە، دەبوو لە هەموو روویەكەوە نموونەیەك بێت بۆ شارەكانی تری هەرێم، دەكرا زۆرترین ئازادی رادەبڕین و ئازادیی كاری رۆژنامەگەری و خۆپیشاندان و بارەگای حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان و كەسانی ناڕازی لەو شارە بێت، ئەزمونێكی باشی هەبێت لەپاك راگرتنی ژینگەكەی و هاوسەنگی لەگەیاندنی خزمەتگوزاریی بەسەرجەم گەڕەك و ناوچەكانی پایتەخت بەبێ جیاوازی.
مامەڵەی هێزە ئەمنییەكان و پۆلیس لەگەڵ هاووڵاتیان بەهاوسەنگی بوایە و چاوپۆشی لەكەس نەكرایە و كەس جورئەتی ئەوەی نەبوایە، خۆی پێ لەسەرووی یاساوە بزانێت.
سەربڵندی بوو بۆ هەولێر كاتێك دادگا جێگای متمانەی خەڵك بێت و دۆسیەی سەرجەم شارەكان دەهێندرایە پایتەخت، لەوێوە یەكلادەكرایەوە، سامانە سروشتییەكانی وڵات و داهاتە هەمەچەشنەكانی تر لەخزمەت سەرجەم خەڵكی كوردستان بوایە، حكومەت و سەرۆكایەتییەكان لە پایتەختەوە سیاسەتێكی هاوسەنگیان لەگەڵ وڵاتان و دراوسێكان لەسەر بەرژەوەندیی باڵای گەلەكەی پەیڕەو دەكرد.
بۆ هەموو ئەو هیوا و ئاواتانە و لەگەڵ ئەو هەموو كاتەی لەدەست چووە، هێشتا ئاسۆیەك هەیە هەولێر وەك پایتەخت ببێتە كۆكەرەوەی هەموان و نموونەیەك بێت بۆ سەرجەم شارەكانی تری هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان، دەكرێ لەرێگای گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەت و پڕۆسەی حوكمڕانی داهاتوو، بڕیاری تاكلایەنە كۆتایی پێ بێت و قۆناغێكی تازەی ژیانی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی و كۆمەڵایەتی لە لەهەولێرەوە دەست پێبكات و پێگەی هەرێمی كوردستان لە ئاستی ناوخۆ و عیراق و جیهان بەهێز بكرێتەوە.
تەها عەبدوڵڵا