فـــاوســـت و شـــەیـــتـــان

هاوپەیمانییەکی دووفاقی

10:15 - 2024-12-05
ئەدەب و هونەر
107 جار خوێندراوەتەوە
گۆتە

دانا رەئووف

 

  هیچ بەرهەمێکی ئەدەبیی هێندەی "فاوست" کاری لەسەر نەکراوە، کارەکتەر و چیرۆکی فاوست لە چەندین ئامادەکردنی جیاوازدا دەرکەوتووە

کەم شاکاری ئەدەبیی هەن هێندەی درامای "فاوست"ی گۆتە، کاریگەرییان بەسەر بەشێکی گەورەی ئەدەب و هونەری جیهانییەوە هەبووبێت. ئەم شاکارە بە دێژایی مێژوو جێ دەستی بەسەر ئەدەب و شانۆی دنیاوە هەبووە و هەیە. "یوهان ڤۆڵڤگین گۆتـە" 1749 - 1832 ” لە سەرەتاکانی گەنجێتییەوە تا دوا رۆژەکانی ژیانی کاری لەسەر "فاوست" کردووە، پڕۆژەیەک بۆ ژیان و داهێنان، کە نەمریی بە "گۆتە" بەخشی. 
  هیچ بەرهەمێکی ئەدەبی هێندەی "فاوست" کاری لەسەر نەکراوە، کارەکتەر و چیرۆکی فاوست لە چەندین ئامادەکردنی جیاوازدا دەرکەوتووە. چیرۆکی فاوست، کە لەگەڵ شەیتان پەیمان دەبەستێت، تا ئەو دەسەڵاتەی هەبێت بەسەر مرۆڤایەتی و رووداوەکانی دنیادا زاڵ بێت، جگە لە (کات)، کە شەیتانیش ناتوانێت لە دەرەوەی کاتەوە کار بکات. واتە فاوست ئەو دەسەڵاتەی هەبێت، جگە لە (کات) هەموو گەردوون، بە مرۆڤیشەوە بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە.
"فاوست" کەسێکی نائارامە و بەردەوام لە گەڕاندایە، ئەمەیش سمبولێکە بۆ نەسرەوتیی مرۆڤ. پەیمان بەستن لەگەڵ شەیتان بیرۆکەیەکی گەلێک دێرینە و دەگەڕێتەوە بۆ چاخەکانی ناوەڕاست، هەروەها رەگ و ریشەیەکی قووڵیشی لای جوەکان هەیە. "فاوست" و شەیتان، گەشتێکی داستانیی بە نێو شارستانییەتی دێرینی یۆناندا دەکەن، هەموو چیرۆکەکە داستانێکی سوریالییە، لەم چیرۆکەدا خوێنەر رووبەرووی خواوەندەکان، ئاژەڵی سەیر و سەمەرە، سوارچاکەکان، پادشا و فیگورە میتۆلۆژییەکان دەبنەوە. خودی چیرۆکە کلاسیکییەکە، کە فاوست رۆحی خۆی لە پێناو بەدەستهێنانی زانست و هێزێکی گەورە، بە شەیتان دەفرۆشێت، چەندین نووسەری لە سەردەمە جیاوازەکاندا بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، لەنێو ئەم خوێندنەوە جیاوازانەدا، بێگومان شاکارەکەی گۆتە لە هەموویان بەناوبانگترە. 
  نەژاد و خودی مێژووی چیرۆکەکە، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی 1500ە کان، رێک ناشزانرێت ئەم چیرۆکە ئەڵمانی، یاخود پۆڵۆنی بووە، لەگەڵ ئەوەیشدا هەندێ لە سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە بۆ یەکەمجار چیرۆکی فاوست، بە ئەڵمانی لە کتێبێکدا بە ناوی "کتێبی فاوست" بڵاوبۆتەوە. یەکەم دەقی شانۆیش سەبارەت بە "فاوست"، کە لەبەر دەستدا بێت، دەقە شانۆییەکەی شانۆنامەنووسی ئینگلیزی کریستۆفەر مارلۆیە، کە لە ساڵی 1591دا بەناوی "دکتۆر فاوست"ەوە نووسیویەتی. دواجار فاوستی گۆتە بووە مۆدێلێک بۆ هەموو ئەو کەسانەی تر، کە کاریان لەم چیرۆکەدا کردووە.
  گۆتە، فاوست وەک کەسێک وێنا دەکات، کە بە هیچ شتێک قایل نییە، لەبەر ئەوە دەیەوێت زیاتر بزانێت و بە دوای زانیاری و زانستی زیاتردا، سەبارەت بە دنیا و گەردوون دەگەڕێت، هەروەها دەیەوێت وەڵامی باشتری سەبارەت بە پرسیارە گەورەکانی گەردوون و مرۆڤایەتی دەست بکەوێت. فاوست دەیەوێت لە ماناکانی ژیان بگات و دەستی بگات بە هێزە بێ کۆتاییە نادیارەکانی سرووشت. فاوست لەم گۆشەنیگایەوە دەبێتە شتێک گەورەتر لە خودی خۆی. لەم رەوشەدا پەنا بۆ هەموو شتێک دەبات، بۆ نموونە ئەو پەیمانەی لەگەڵ شەیتان دەیبەستێت، تا بگات بەوەی دەیەوێت. رۆحی فاوست بریتییە لە سەرکەوتن و بەسەر هەموو شتێکدا زاڵبوون، هاوکات هەستێکی تەنیایی هەیە و دەیەوێت بەشتێکی گەورە و بێکۆتا بگات. گۆتە دەیەوێت ئەوەمان پێشان بدات، کە ئەو یاسایەی گەردوونی راگرتووە، هەمیشە بە نادیار دەمێنێتەوە، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت، تەنیا لە رێگای ئەم جووڵە گەورەیەی گەردوونەوە، جێگای خۆی بکاتەوە. مێژوونووسانی ئەدەب و ئەکادیمیست و لێکۆڵەرەوەکان لەسەر ئەوە کۆکن، کە دوای "ئەلیازە و ئۆدیسە"ی هۆمیرۆس و "دۆنکیشۆت"ی میکوێل سێرڤانتس و "کۆمیدیا"ی دانتی ئەلیگیێری، "فاوست"ی گۆتە، گەورەترین کاریگەرییان لە مێژووی ئەدەبی جیهانیدا هەبووە. "فاوست" بە شێوەیەکی تەواوەتی و هەردوو بەشەکەی، لە ساڵی 1832  دا، دوای مردنی گۆتە بڵاو دەکرێتەوە. 
چیرۆکی فاوست بە شێوەیەکی ساکار بریتییە لەو پیاوەی رۆحی خۆی بە شەیتان دەفرۆشێت، کە لێرەدا لە کارەکتەری "مێفیستۆفلێس"دا دەردەکەوێت، بۆئەوەی ئاستێکی باشتر، سەرکەوتووتر یان شتێک لە خودی خۆی باڵاتر بە دەست بهێنێت و بە خۆشگوزەرانی بژی. 
فاوست جگە لە زانست و زانیاریی بە دوای دەسەڵات، خۆشەویستیی و ماناکانی ژیاندا وێڵە، لەبەرئەوەی فاوست هەست دەکات، ئەمانە هیچی نییە، هەست بە بەختیاریی ناکات و ئامادەیە هەموو شتێک بکات تا بتوانێت ستایلی ژیانی خۆی بگۆڕێت و بگات بەوەی دەیەوێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان