پەری عومەر خەیلانی
لای هەر نەتەوەو لە هەر نیشتمانێک لەسەر ئەم گۆی زەوییە ڕۆژانێک هەن خەڵکەکەی فێستیڤاڵ ڕێکدەخەن، ئەوجا بە هەموو کولتوورە جیاوازەکانەوە، مەبەستیش ئاراستەکردنی کۆمەڵگەیە بەرەو ناسینی زیاتری کولتوور و نیشاندانی جوانییەکانیان، هاوکات پێشخستنی کلتوورەکەیان و هێنانە ئارای گفتوگۆی فیکریی ئاڵۆز کە پشت بە ئاوەز ببەستێت لە جیاتی توندوتیژی و ڕەتکردنەوە.
وەک دەزانین ساڵانە لە شاری سلێمانی بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ هەڵدەستێت بە سازدانی گەورەترین چالاکی ڕۆسنبیریی، تێیدا لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ئەوروپایش نووسەران و ڕووناکبیران بانگهێشت دەکات.
ئەم چالاکییە ڕۆشنبیرییە (26) ساڵە بەبێ پچڕان بەردەوامە، بڕیارە ئەمڕۆ (27)مین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی خۆی ئەنجامبدات، ئەم بنکەیە ئەگەر بارودۆخ گرژ و ئاڵۆز یان خۆشی و تەبایی بووبێت توانیویەتی پێگەی خۆی بپارێزێت و کارەکانی خۆی وەک ئەمانەتێکی کولتووری ڕاپەڕێنێت.
ئەوەی سەرنج دەبات ئەوەیە، فێستیڤاڵی گەلاوێژ بۆتە یەکێک لە هۆکارە تایبەتییەکانی شارەکە بۆ وەرگیڕان و ناساندنی لە ڕێکخراوی (یونیسکۆ) کە سلێمانی بە مەڵبەندی داهێنانی ئەدەبی بناسێندرێت.
کەواتە فێستیڤاڵەکە پێگەیەکی گرنگی لەنێو ئەدەب و ڕۆشنبیری کوردیی دروست کردووە، بۆیە پێویستە هەموومان لەپێناو پیرۆزییەکانی نیشتمان کە بریتییە لە دەق و وشە و کولتوور ئەم فێستیڤاڵە بیپارێزین و ڕێزی بگرین.
ماوەتەوە سوپاسی ئەم بنکە دەلالە ڕۆشنبیرییە بکەم بۆ بانگێشتکردنی بەندە وەک میوانی فێستیڤاڵ، بەهیوام هەمیشە درەوشانەوەی خۆی بپارێزێت و لە هیچ هەلومەرجێکی تەمومژاوی ڕەونەقی خۆی لەدەست نەدات.