لە کەنەداوە بۆ فێستیڤاڵی گەڵاوێژ

11:59 - 2024-12-05
دووتوێ
92 جار خوێندراوەتەوە


ناڵە حەسەن

ژیانکردن لە غوربەت و لە دووریی نیشتیمان، ئەگەر بۆ کەسێکی ئاسایی زەحمەت و پڕ ئازار بێت ئەوە بە دڵنیاییەوە بۆ شاعیر و نووسەرێک زۆر زیاتر، چونکە بۆ ئێمەی شاعیر و نووسەران موعاناتەکانمان تەنها دووریی نیشتیمان و دووری هاوڕێیان و کەسە ئازیزەکانمان نییە، بەڵکو لەگەڵ ئەمانەش دووریمانە لە گۆڤار و فێستیڤاڵ و میهرەجان و چالاکییە ئەدەبی و هونەری و ڕۆشنبیرییەکان تەنانەت خوێنەرە ئازیزەکانیشمان، دووریمان لە نێوەندی ئەدەبی و نێوەندە ڕۆشنبیرییە مەعریفییەکان ببوونە هۆی ئەوەی موعاناتەکانمان زێتر و زێتر بن. بۆ نموونە هەرکاتێک بەرهەمێکمان بەچاپ دەگەیشت و بڵاودەکرایەوە لەگەڵ ئەوەی مایەی دڵخۆشییەکی گەورە بوو، بەڵام لەهەمانکاتیش مایەی نیگەرانی و بێتاقەتی و غەمگینیش بوو، تۆ سەیرکە کتێبێکت چاپ بکرێ و بڵاوبکرێتەوە خۆت لێرەنیت، یان میهرەجان و فێستیڤاڵی ئەدەبی و ڕۆشنبیری ساز دەکرێت تۆ لێرەنیت، وەک ئەوە وایە کۆرپەیەک لەتۆ لەدایک بێت و لەساتی هاتنە دونیاوە لێت جیابکەنەوە، لەباری دەروونی و ڕۆحییەوە وەک ئەوە وایە، لە بوونەوە ببیتەوە بە نەبوون، لەو ساتانە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت هەست بە نەبوونی خۆت دەکەیت. هەموومان دەزانین فێستیڤاڵی گەلاوێژ یەکێکە لەو چالاکییە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییە ناوازەییەی بۆ ماوەی بیست و حەوت ساڵە بەردەوامە و خزمەت بە وشە و ئەدەب و کەلتوور و مەعریفەی نیشتیمانەکەمان دەکات، یەکێکە لە درەوشاوەترین چالاکی نێو دونیای ئەدەبی و ڕۆشبیری ئێمە، فێستیڤاڵێکی بەناو و شکۆ و نێو دەوڵەتییە، ئەگەر بمانەوێت ڕووی گەشی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی کۆمەڵگەی کوردی پێشان بدەین، دەبێ باسی دوو سێ گۆڤار و ناوەندی ئەدەبی و کۆمەڵێ نووسەرو لە پاڵ ئەمانەش بە دڵنیاییەوە دەبێ باسی فێستیڤاڵی ساڵانەی گەلاوێژ بکەین، تۆ وەرە بیست و شەش ساڵ ئەم فێستیڤاڵە بەردەوام بێت و تۆش لێی بێبەش بیت، هەموو ساڵێک لەهەمان مانگ و کات دا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ گەورە نووسەران و شاعیران و ڕەخنەگران، گەنجان و لاوان لەدەرەوە و ناوەوەی وڵات بەیەکەوە کۆببنەوە و پانێل و کۆڕ و گفتوگۆ و حیوار بکەن لە کەشێکی هاوڕێیانە و دۆستانەدا، تۆش لێرە نەبیت و لێی بێبەش بیت، لەدووری دوورەوە چاوت زەقە زەقی بێت و لە سۆشیاڵ میدیا وێنەکان ببینی و هەواڵەکان بخوێنییەوە، لێتان ناشارمەوە پڕ بە دڵ ئارەزووم دەکرد ئەگەر بۆ تەنها جارێکیش با داوەتنامەم بۆ بهاتایە و لەم چالاکییە ڕۆشنبیرییە ناوازەیە بەشدار بام، بەڵام ئەمساڵ بۆ من جیاوازە، دەتوانم بڵێم شاعیرێکی بەختەوەر و دڵخۆشم، چونکە ئێستا لێرەم و لەباوەشی نیشتیمانەکەی خۆمم، لێرەم و بەشداریی لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەکەم، لەم سەفەرەم کتێبم چاپکردووە و چەندین کۆڕم سازداوە، لەباری دەروونییەوە ئەم چالاکییانەم ڕەنگە هەر هێندە بەختەوەری و دڵخۆشی پێ بەخشیبم کە ئەمجارەیان منیش بەشدار دەبم لەم فێستیڤاڵەی گەلاوێژەمان، هەر وەک مامۆستا عەلائەدین سەجادی دەڵێت (هەر نەتەوەیەک ئەدەب و ڕۆشنبیری نەبێت واتە ئەو نەتەوەیە، مێژووی نییە لە دواجاردا واتە بوونی نییە)، بۆیە فێستیڤاڵی گەلاوێژ دەبێ شکۆدارانە بەردەوام بێت و تاکو بتوانین بڵێین ئێمەش نەتەوەیەکین و ئێمەش بوونمان هەیە!
دیسەمبەری ٢٠٢٤

بابەتە پەیوەندیدارەکان