ئامینە مەحمود: کەرکوک، شاری داهێنانی ئەدەب و رۆشنبیرییە

12:17 - 2024-12-05
ئەدەب و هونەر
135 جار خوێندراوەتەوە

كەركوك  - رزگار شوانی 

ئامینە مەحمود دەنگێکی شاعیرانەی جیاوازی کەرکوک و وزەیەکی ئەدەبیی سەرنجڕاکێشە، ئەو ستایلێکی شیعریی تایبەت بە خۆی هەیە. بەهۆی تێکستەکانییەوە لە فێستیڤاڵە شیعرییەکان و بۆنە رۆشنبیرییە جۆراوجۆرەکاندا دەرکەوت و لە رێگەی ژمارەیەک کۆمەڵە شیعرەوە خۆی لە گۆڕەپانی ئەدەبییدا ناساند، رێڕەوێکی شیعریی بۆ خۆی هەڵبژاردووە و بەردەوامە تێیدا. 
سەبارەت بە سەرەتاکان و شێوازی شیعرەکانی و هەڵسەنگاندنی واقیعی ئەدەب و شیعر لە کەرکوک بەتایبەتی، ئەم دیدارەمان لەگەڵیدا رێکخست.
* با لە پرسیارە تەقلیدییەکەوە دەست پێبکەین، سەرەتاکان چۆن بوون؟
- سەرەتا خەم لە لەدەستدان لەدایک بوو و سەرسوڕمانەکە کچی زمان و مۆسیقا بوو کە شیعر هات دوای ئەو سەرلێشێواوی و شەرمنانە ئاگری خەم و ئەزموونی تاڵی زۆری نەبوو بۆ پێگەیشتن و ئەوەتا کردی.
* تاکو ئەمڕۆ چیت کۆکردۆتەوە لە بەرهەمی شیعر و ئەدەب ؟
- کۆمەڵە  شیعرێکم بەناوی (فراشات آمنة ـ پەپولەکانی ئامینە) بڵاو کردەوە، دواتریش کۆمەڵە شیعرێکی تر بە ناوی (كتاب الحب - کتێبی خۆشەویستی) و كتێبی (ممتلکات لا تخصني - ئەو مۆڵکانەی پەیوەندییان بە منەوە نییە)، بێگومان بەرهەمی نوێ بەڕێوەیە تا روح و ژیان هەبێت.
* واقیعی شیعر لەکەرکوک بە بەراورد بە ئاستی شیعر لە عیراقدا چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- کەرکوک شارێکی جیاوازی داهێنانە و دەنگی شاعیرانەی هەیە کە بوونی خۆی لە گۆڕەپانی عیراق و وڵاتانی عەرەبیدا سەلماندووە و دەستکەوتەکە مەرج نییە چەندێتی بێت بەڵکو نایابیی و کوالیتی زۆر گرنگترە.
* رەخنەگر محەمەد حوسێن ئەلداغستانی لە خوێندنەوەیەکی رەخنەیی تێکستە شیعرییەکانتدا دەڵێت: شیعر هونەری سەرسوڕمانە و تۆ بریسکەیەکی شیعریی (ومضة شعرية) لە تێکستەکانتدا بەکار دەهێنیت، دروستیی ئەم هەڵسەنگاندنە چییە و ئایا بە راستیی ئەمە شێوازی تایبەتی تۆیە لە شیعرەکانتدا؟
- بریسکەی شیعریی، هونەری چڕکردنەوەی رووداو و وێنەیە، من لە سەرەتاکانمدا ئەم شێوازەم بەکارهێناوە بەڵام شێوەی شيعرەکە گۆڕا بۆم، بۆئەوەی بیگوازمەوە بۆ بۆشاییە سەرسوڕهێنەرترەکان و فراوانتربم لە دەربڕیندا.
* جێ دەستت و ئامادەبوونت دیارە لەڕێگەی ئامادەبوونت لە کۆڕ و فێستیڤاڵە رۆشنبیرییەکاندا، گرنگترینیان کە لە ماوەیەی رابردوودا بەشداریت تێدا کردوون.
- بەشداریم له پێشانگای نێونەتەوەیی کتێب له تونس کرد و له نێو چالاکییەکاندا شیعر خوێندنەوه هەبوو، من وەک ئەندامی لیژنەی پەیوەندییە عەرەبییەکان لەیەکێتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق کار دەکەم و ئەمەیش دەرفەتی بەشداریکردن و بەڕێوەبردنی خولی شیعری هاوبەشی لەگەڵ شاعیرانی عەرەب بۆ رەخساندم.
هەروەها لەلایەن جەنابی سەرۆک کۆمارەوە، له پەراوێزی پازدەهەمین فێستیڤاڵی جەواهیریی لەگەڵ شاعیرانی باڵای عەرەب میوانداریی کراین، هەروەها لەگەڵ لێژنەی هەڵسەنگاندن به شداریم له پێشبڕکێی شاعیرانی لاوی عێراقدا کرد، که لەلایەن ماڵی شیعر بەهاوکاریی وەزارەتی وەرزش و لاوانی فیدراڵ بەڕێوەچوو، من وەک میوانی شەرەف میوان بووم و شیعرێکم خوێندەوە لە مەراسیمی راگەیاندنی ئەنجامەکاندا و لەلایەن وەزیری وەرزش و لاوان دکتۆر ئەحمەد ئەلموبەرقەع رێزلێنانم پێشکەش کرا.
* ئێستا شیعر لە کەرکوک چۆن دەبینیت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە خاڵی دەستپێکی زۆرێک لە شاعیرانی دیاری عیراق بووە لە شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی رابردوودا؟
- کەرکوک شاری داهێنان و جیاوازییەکان بووە و دەمێنێتەوە، بەڵام دەریاکەی بەناو دوورگەکانی سەردەمی تاڵ و هەڵکشان و داکشاندا تێدەپەڕێت، وزەی نوێ هەن کە ژیان بۆ شیعر و داهێنان لە هەموو بوارەکاندا دەگەڕێننەوە، دەبێت باوەڕیان پێبکەین و دەستیان بگرین، بۆ تێگەیشتن لە رووخساری گەشاوەی کەرکوک.
* دوا وتەت بۆ دەوڵەمەندکردنی ئەم دیدارە؟
- سوپاس بۆ هەموو ئەوانەی ئارەزوویان لە ئەدەب و شیعر هەیە و هەموو ئەوانەی ژیان بە کتێب دەبەخشن، هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆڕی کتێب خوێندنەوە دابهێنن و لە نێو منداڵاندا پەرەی پێبدەن.



بابەتە پەیوەندیدارەکان