دوێنێ 4/12/2024، لەچوارچێوەی كۆڕەكانیدا، ساڵۆنی كوردستانی نوێ، كۆڕێكی بە ناونیشانی (بەكارهێنانی ئامڕازەكانی راگەیاندن و پەیوەندی بۆ پڕوپاگەندە و لەخشتەبردن لەم جەنگانەی ئێستادا) بۆ نووسەر و ئەكادیمی بواری میدیا و كۆمینكەیشنی لوبنانی د. مەی عەبدوڵڵا رێكخست. سەرەتای كۆڕەكە، د.عەدالەت عەبدوڵڵا سەرنووسەری كوردستانی نوێ وێڕای بەخێرهاتنی نووسەر و میوانان، كورتەیەكی لەبارەی ژیان و بەرهەم و داهێنانە ئەكادیمییەكانی
د. مەی عەبدوڵڵا ئاماژە پێكرد. پاشان، د. مەی عەبدوڵڵا باسەكەی پێشكەشكرد، سەرەتا ئاماژەی بەو رەوشە ناهەموار و جەنگە كرد كە ئێستا لە لوبنان هەیە و رۆڵی سلبی میدیا و هۆكارەكانی راگەیاندنی بە گشتی ئاماژە پێكرد، پێی وابوو ئەو میدیا ئاراستەكراوەی كە ئێستا لە ناوچەكەدا هەیە، كاریگەریی خراپی ئێجگار زۆرە لەسەر كۆمەڵگە، بەتایبەت ئەو پێشكەوتنە تەكنەلۆژیایەی هاتۆتە ئاراوە، لە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكە بەگشتی زۆر بە خراپی بەكاردەهێنرێن، ئەمەش وایكردووە كە هەموو كەسێك لای خۆیەوە بووە بە میدیاكار و بابەت و زانیاری بڵاودەكاتەوە. نووسەر و مامۆستاكەی زانكۆ، بە وردیی باسی لەوەش كرد كە میدیا بەو وەزعەی ئێستای دابەشبووە بەسەر گروپ و لایەن و حزبەكان و هەر یەكەو بەپێی بەرژەوەندیی خۆی ئاراستەی دەكات، لە رەوشێكی ئێجگار خراپدایە و بۆ ئەمەش پێویستمان بە میدیایەكی سەنگینی بێ لایەن هەیە كە ئاراستەی بۆ خزمەتی بەرژوەندیی گشتی بێت و رەچاوی پێوەر و ئیتیكی رۆژنامەوانی بكات و ببێتە سەرچاوەیەكی راستگۆ بۆ وەرگر، نەك وەك ئێستا هەریەكە و بەپێی لایەنگریی خۆی بۆ لایەنێك زانیاری لەو میدیایە وەرگرێت. دوای تەواوبوونی باسە بەپێزەكەی، گفتوگۆیەكی كراوە لەنێوان د. مەی ئەلعەبدوڵڵا و میوانان دروستبوو.
کۆمار مەسعود
فۆتۆ: حەمەعومەر