ژمارەیەکی نوێی ژیانەوە بڵاوکرایەوە

01:32 - 2024-12-05
هەمەرەنگ
81 جار خوێندراوەتەوە


رۆژی دووی ئەم مانگە رۆژنامەی ژیانەوە بڵاوكرایەوە، كە تێیدا كۆمەڵێك بابەتی تایبەت لەخۆدەگرێت، لەوانە لە لاپەڕە یەكدا وتاری یەكێتی ژنانی كوردستان بۆ رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان بڵاوكراوەتەوە، هاوكات لاپەڕە دووی رۆژنامەكە دوو بابەت لەخۆ دەگرێت كە یەكێكیان تایبەتە بە 25 ی نۆڤەمبەر. لە لاپەڕە سێی رۆژنامەكەدا وتارێكی چیا یاسین -ە كە دەربارەی توندوتیژیی و هاوسەرگیریی زۆرەملێ نوسیوێتی، هەروەها لاپەڕە چوار راپۆرتێكی لەخۆگرتووە لەسەر پرۆسەی سەرژمێریی، لاپەڕە پێنجی رۆژنامەكە گۆشەی گەلاوێژ خان لەخۆدەگرێت بەناوی "گەلاوێژ بیرەوەرییەكانی خۆی ئەنوسێت" جگە لە ناساندی ژنێكی تێكۆشەر كە خاتوو "پەخشان محەمەد" ە.
لاپەڕە شەشی ژیانەوە دوو بابەتی تێدایە كە یەكێكیان گوڵزار فەرەج لەگەڵ ژنە دەستڕەنگینەكانی نەخۆشخانەی سۆزی دەروونیدا دواوە، لەگەڵ بابەتێكی ئامادەكراو لەسەر گۆرانیبێژی لوبنانی فەیروز. لاپەڕە حەوتی رۆژنامەكە چەند بابەتێكی هەمەڕەنگ لەخۆ دەگرێت و دوا لاپەڕەشی بە پۆستەرێكی تایبەت بە رۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان رازێنراوەتەوە.
دڵان سامان

بابەتە پەیوەندیدارەکان