وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، رەنگە سوریا رووبەڕووی سیناریۆی مەترسیدار ببێتەوە و داهاتووی بەشار ئەسەد، سەرۆکی سوریاش نادیارە.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، چارەنووسی بەشار ئەسەد نادیارە، بەڵام هێزەکانی "بەرەی مقاوەمە" بەردەوام دەبن لە رۆڵی خۆیان، هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی مەترسییەکانی سوریا بە ناوچەکەدا بڵاوبێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرێک لە ساڵی 2011ەوە چاوەڕوانی رووخانی رژێمی ئەسەد بوون، بەڵام رووداوەکان سەلماندوویانە پێشبینییەکان لەم چوارچێوەیەدا مەترسیدارن چونکە بارودۆخەکە بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی ئاشکراکرد، رەنگە سوریا رووبەڕووی سیناریۆی مەترسیداری وەک شەڕی ناوخۆ، دابەشبوونی وڵات، یان کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی وڵاتەکە له لایەن گرووپە چەکدارەکان ببێتەوە.