دوێنێ 7/12/2024، لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ كۆڕی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (دەوڵەتی میرنشینی سۆران- 1813-1847) بۆ نووسەر و سیاسەتمەدار ئارێز عەبدوڵڵا، بەڕێوەچوو.
لە كۆڕەكەدا، سەرەتا مەریوان مەسعود جێگری سەرنووسەری كوردستانی نوێ، كورتەیەكی لەبارەی ئەزموون و شێوازی نووسینی ئارێز عەبدوڵڵا باسكرد.
پاشان نووسەر ئاماژەی بە هۆكاری نووسینی كتێبەكە و قۆناغ و بەشەكانی كتێبەكە كرد، كتێبەكە دەچێتە چوارچێوەی كتێبی مێژووییەوەو لە چەند بەشێك پێكهاتووە كە مێژووی دروستبوون و بەردەوامیی و رووخاندن و دوای رووخاندنی میرنشینی سۆران بە سەرۆكایەتی پاشای گەورە لەخۆدەگرێت.
لە بەشی یەكەمی كتێبەكەدا، باس لە ناسین و بەراورد و جوگرافیای میرنشینەكە دەكات، پاشان باس لە ژیان و حوكمداریی پاشای گەورە دەكات و بەراوردكارییەك دەكات لەنێوان مەكیاڤیللی و ئەحمەدی خانی و پاشای گەورە. لەبەشی دووەمدا، ئاماژە بە شێوازی حوكمڕانی و بەڕێوەبردن و سیستمی فەرمانڕەوایی سۆران دەكات و پێناسە و شیكاریش بۆ دەوڵەت و سیستمی فەرمانڕەوایی دەکات.
لەبەشی سێیەمیشدا، پرۆژە و هەنگاوەكانی پاشای گەورە و هەلومەرجەكانی گەشەسەندن و پەرەسەندنی سۆران باسی لێوەكراوە، بەشی چوارەمی كتێبەكەش باس لە بەرەنگاربوونەوەی سوپای عوسمانی بە وردی دەكات، هەروەها باس لە ژیان و بۆچوونەكانی حسێن حوزنی موكریانی و مەلای خەتێ و فتواكەی كردووە. زۆر بە تێر و تەسەلیش لەسەر ئەم بابەتە وەستاوە، لە بەشی پێنجەمیش كە دوا بەشی كتێبەكەیە، ئارێز عەبدوڵڵا هۆكارەكانی رووخانی دەوڵەتی میرنشینی سۆران باس دەكات كە هۆكاری ناوخۆیی و دەرەكی هەبووە.
لە كۆتایی كۆڕەكەشدا، گفتوگۆیەكی كراوە لە نێوان ئامادەبووان و نووسەر دروستبوو بۆ دەوڵەمەندتركردنی كۆڕەكە.
كۆمار مەسعود
فۆتۆ: حەمە عومەر