تەها عەبدوڵڵا
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران دوا كۆبوونەوەی خۆی لەم خولەی یاساداناندا بكات، كە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر پێنج پرۆژە یاسا و گفتوگۆكردن لەبارەی دوو پرۆژە یاسای تر.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەگوێرەی بەرنامەی كار، بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێت، كە لە حەوت بڕگە پێكهاتووە، وتیشی: بڕگەی یەكەم تا پێنجەم تایبەتە بە دەنگدان لەسەر ئەم پرۆژە یاسایانە (هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی رژێمی بەعس و گەڕانەوەی موڵكە داگیركراوەكان، هەمواركردنەوەی یاسای باری كەسێتی، پرۆژە یاسای لێبووردنی گشتی، پرۆژە یاسای هەواڵگری نیشتمانی، پرۆژە یاسای پاسپۆرت، راشیگەیاند: هەر لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ و خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەمواركردنی یاسای گشتیی بودجە و پرۆژە یاسای فڕۆكەوانیی مەدەنی، دەكرێت.
لەبارەی ئەگەری دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساكان، ئەو پەرلەمانتارە وتی: بۆ ئەو مەبەستە بەر لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ، كۆبوونەوەی سەرۆك فراكسیۆنەكان بەڕێوەدەچێت، بەو ئامانجەی لەناو هۆڵی ئەنجومەنی نوێنەران، پرۆژە یاساكان پەسەندبكرێن.
هەر لەوبارەیەوە، د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەراندا خوێندنەوەی دووەم بۆ هەمواركردنی یاسای بودجە دەكرێت، دوای ئەویش پێویستە 48 سەعات تێپەڕێت ئینجا دەنگی لەسەر بدرێت، لەكاتێكدا رۆژی 9/12/2024 پشووی زستانەی پەرلەمان دەستپێدەكات، بۆیە پێشبینی دەكەین ئەنجومەنی نوێنەران فریای هەمواركردنەوەی یاسای بودجە نەكەوێت، بەڵكو بكەوێتە وەرزی داهاتووی یاسادانانەوە، كە مانگی یەكی ساڵی نوێ دەستپێدەكات.