تەها عەبدوڵڵا
دوای ئەوەی ئاستەنگی زۆر بۆ بارهەڵگر و شوفێران لە بازگەی باوە مەحمود لەنێوان كەلار و خانەقین-دا دروستبوو، بە هەوڵی پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، گرفتەكە چارەسەركرا.
سروە محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردستانی نوێ -ی راگەیاند: دوای ئەوەی لە بوونی گرفتی بازگەی باوە مەحمود لەنێوان كەلار و خانەقین ئاگاداركراینەوە، بەپێویستمانزانی وەك ئەركی پەرلەمانتاری خۆمان بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بكەین، بۆیە بەشێوەیەكی مەیدانی بازگەكەمان بەسەركردەوە، وتیشی: لەكاتی بەسەركردنەوەی بازگەكەدا، گوێمان لە داواكاریی شوفێران گرت كە ژمارەیەك زۆر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر گیریان خواردبوو، نەیاندەتوانی هاتوچۆ بكەن، هۆكارەكەشی پەیوەندیی بە كەمیی ژمارەی فەرمانبەر و كارمەندانی بازگەكەوە هەبوو، كە فریای راییكردنی مامەڵەی شوفێران نەدەكەوتن، راشیگەیاند: دوای پەیوەندیكردنمان بە لایەنی پەیوەندیدار و لێپرسراوانی بازگەكەوە، توانرا رێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر، بۆیە دەستبەجێ ژمارەی فەرمانبەر و كارمەندەكان بۆ راییكردنی مامەڵەی شوفێران لە بازگەكە زیادكرا و گرفتەكە چارەسەركرا.