لە راگەیاندراوێکدا کۆشکی سپی رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا بەوردی چاودێری ئەو رووداوە نائاساییانە دەکات کە لە سووریا روودەدەن.
کۆشکی سپی دەڵێت، جۆ بایدن، دواى راگەیاندنى هەڵاتنى بەشار ئەسەد و گرتنى پایتەختى وڵاتەکە لەلایەن یاخیبووانەوە، بەوردى چاودێریی دۆخى سووریا دەکات.
هەروا، شۆن ساڤێت، وتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و تیمەکەی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخی سووریا دەکەن و لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکاندا لە پەیوەندیی بەردەوامدان.
پێشتریش کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەمریکا نیگەرانە لەو دۆخەی کە هەیە و ترسی ئەوەیان هەیە ململانێی ئێستا هاندەری سەرهەڵدانەوەی داعش بێت، یان ببێتە هۆی کارەساتێکی مرۆیی.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ گرووپە چەکدارەکانی سووریا چوونە ناو دیمەشقی پایتەختی سووریا و روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤیش دەڵێت، بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دیمەشقی پایتەختی وڵاتەکەى جێهێشتووە