سەرۆک بافڵ بۆ کونسوڵی ئەمریکا: پێویستە حکومەتی نوێ لەسەر بنەمای هاوسەنگی و دادپەروەری پێکبهێنرێت

07:20 - 2024-12-08
کوردستان
108 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ستیڤ بێتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارەکەدا دۆخی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و جەخت لە یەکخستنی هەوڵەکان بە ئاڕاستەی سەرخستنی پڕۆسەی سیاسی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر کرایەوە.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، پێویستە حکومەتی نوێ لەسەر بنەمای هاوسەنگی و دادپەروەری پێکبهێنرێت و رەنگدانەوەی خواستی هەموو لایەک بێت، بە کارنامەیەکی بەهێز و دوور لە دەستوەردانی حزبییەوە خزمەتی هەموو لایەک بکات و کارەکانی لەپێناوی ئاوەدانیی کوردستان و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستەتردا بێت. 

لەدرێژەی دیدارەکەدا دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت سووریا گفتوگۆی لەبارەوەکرا و لەوبارەیەوە سەرۆک بافڵ روونیکردەوە، یەکێتی بە وردی چاودێریی رووداو و پێشهاتەکان دەکات، بڕواشمان وایە پێویستە هەموو لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و هەنگاو بەرەو قۆناغی داهاتوو بنێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان