راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد
لە كەركوك هیچ سەنتەر و شێڵتەرێكی داڵدەدان نییە بۆ ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت، بۆیە رێكخراوەكانی داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان، ناچار دەبن رەوانەی شێڵتەرەكانی سلێمانیان بكەن یان رادەستی پۆلیسیان بكەن، چونكە لەلای پۆلیس پارێزراوتر دەبن.
لەسەر ئەو مەسەلەیە سروود محەمەد بەڕێوەبەری كۆمەڵەی هیوای عیراقی لە كەركوك، بەكوردستانی نوێ- ی راگەیاند: هەر كەیسێكی توندوتیژیی بێتە لامان سەرەتا رادەستی توێژەری كۆمەڵایەتی دەكەین و چەندین رێگەچارە دەخەیەنە بەردەستی كە یاساو كۆمەڵگە رێگەی پێدەدات، بۆ ئەو مەبەستەش رێكخراوەكەمان توانیویەتی مانگانە نزیكەی 100 بۆ 150 كەیستی توندوتیژیی چارەسەر بكات.
سروود محەمەد بۆ کوردستانی نوێ :
جگە لە کەرکوک لە خواروو و ناوەڕاستی عیراقیشەوە كەیسمان بۆ دێت، بۆیە زۆر پێویستمان بە كردنەوەی شێڵتەری داڵدەدانی ژنان هەیە
چەند ساڵێک دەخایەنێت
بەڕێوەبەری كۆمەڵەی هیوای عیراقی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد حاڵەت هەبووە دوو بۆ سێ ساڵی خایاندووە، تا چارەسەر بووە، حاڵەتیشمان هەبووە پێویستی بە پاراستن بووە و رەوانەی شەڵتەرەكانی سلێمانی-مان كردووە و ئەوانیش بەخۆشحاڵییەوە وەریانگرتووە، ئەمەش جێگەی دەستخۆشییە، چونكە ئەو شێڵتەرانە پەناگەن بۆ ئەو كچ و ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەكرێت، هەندێك لە دادوەرەكانی كەركوك و بنكەكانی پۆلیس هاوكاریی تەواویان كردووین و هەندێك لە مامۆستایانی ئاینیش رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە چارەسەركردنی كێشەكانماندا، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لە شاری كەركوك شێڵتەر نییە، بۆ داڵدەدانیان ئەمەش گرفتێكی گەورەیە لە بەردەم كارەكانماندا.
سروود محەمەد وتیشی: لە دوای ساڵی 2017 ەوە حكومەتی عیراق بەنیاز بوو شێڵتەرێک بۆ داڵدەدانی ژنان لە كەركوك بكاتەوە، منیش پێمڕاگەیاندن كە پێم باشە ئەو سەنتەرە لە ناحیەی قەرەهەنجیر بكەنەوە، چونكە شوێنەكە ئاسایش دەیپارێزێت، بەڵام قایل نەبوون، دواتر لەلایەن (UN) ەوە شێڵتەرێک لە نێو سەنتەری شار كرایەوە، بەڵام ئێستا لەلایەن چەكدارە میلشیاكانەوە رێگری لە رادەستكردنی دەكرێت، بۆیە داوا لە پارێزگاری ئێستای كەركوك دەكەین ئەو سەنتەرە رادەستی رێكخراوەكانی داڵدەدانی ژنان بكرێت و ستافی بۆ دیاری بكات، چونكە جگە لە کەرکوک لە خواروو و ناوەڕاستی عیراقیشەوە كەیسمان بۆ دێت، بۆیە زۆر پێویستمان بە كردنەوەی ئەو شێڵتەرە هەیە.
دابونەریتی جێماوی باب و باپیرانە
شەنگە عەلی، لە دایكبووی 1973 دانیشتووی گەڕەكی رەحیماوای شاری كەركوكە لەسەر توندوتیژیی دژی ژنان وتی: دابونەریت رۆڵێكی گرنگی لەسەر توندووتیژیی دژ بە ژنان هەیە، هەر ئەوەشە دەبێتە هۆی تێكدانی شیرازەی خێزان و بە سەدان كچیش دەبنە قوربانیی ئەو نەریتە، نموونەش ئەوەیە خۆشەویستی كچێك بۆ كوڕێك بە عەیب دەزانرێ بە شێوەیەك لێكدەدرێتەوە كە خۆشەویستی ئابڕووچوونە بە تایبەتی لای ئەو خێزانانەی ئاستی هۆشیارییان نزمە، یاخود لە كۆمەڵگەیەكی نا هوشیاردا دەژین.
ژن و پێناسە كۆمەڵایەتییەكان
شایان ئەیوب، لە دایكبووی 1984، دانیشتووی گەڕەكی ئیسكانی شاری كەركوكە وتی: بێگومان تاك بە ستراوەی كۆمەڵگەیە و كۆمەڵگەش بە هەمانشێوەیە، بەتایبەتی لە رۆژهەڵات هەر ئەمەشە وایكردووە ژنان و كچان زیاتر تووشی توندوتیژیی ببنەوە، چونكە ئەندامانی خێزان بۆچوونی خەڵكیان لەلا گرنگە لە تێكچوونی شیرازەی خێزانەكە خۆی، بۆ نموونە چەندین ژن و كچ هەیە لەسەر پڕوپاگەندەی كۆمەڵگە كوژراون بەبێ هیچ گوێدانێك بەوەی ئەو پڕوپاگەندانە هەڵەن یان راستن، چونكە لە كۆمەڵگەدا ژن وەك شووشە پێناسە دەكرێت و دەڵێن: ئەكەر شووشە زڕا چاك نابێتەوە و باشتر وایە بشكێت، بۆیە زۆربەی ژنان قوربانیی ئەم كۆمەڵگە بێ بەزەییەن چ توندوتیژی جەستەیی بێت یان دەروونیی یان سێكسیی.
دیمەن محەمەد بۆ کوردستانی نوێ :
رێكخراوەكانی ژنان و بەتایبەتی هەوڵەكانی یەكێتیی ژنانی کوردستان، بەردەوامە بۆ رێنماییكردن و هۆشیاركردنەوەی دایكان و باوكان و ژنان و بەتایبەتی كچان
پابەندكردنی ژن بە كۆمەڵێك دابونەریتەوە
پەری مەجید، لە دایكبووی ساڵی 1968، دانیشتووی گەڕەكی شۆڕیجەی شاری كەركوكە و دەڵێت: گەربێت و چاوێك بە مێژوودا بگێڕین دەبینین جۆرەها توندوتیژیی تووشی ژنان بووە، لە كۆمەڵگەی كوردیشدا جۆرەها توندوتیژیی هەیە لەوانە: كوشتن، هەندێكجار دەبینین لەو جۆرە توندوتیژییانە سەپاندنی ئارەزووەكانی پیاو بووە بەسەر ژنەکەیدا لە هەموو روویەکەوە.
هاوكات دیمەن محەمەد لێپرسراوی لقی كەركوكی یەكێتیی ژنانی كوردستان، بە كوردستانی نوێ- ی راگەیاند: هۆكاری توندوتیژیی بۆ سەر ژنان دەگاتە رادەی خۆكوشتن و خۆسوتاندن، كۆمەڵگە و هەندێك دیاردەی كۆنەپەرستانە وادەكەن لە كەسایەتی و مرۆڤبوونی ژن كەم بكەنەوە.
وتیشی: توندوتیژیی دژ بە ژنان لە هەموو شارەكانی عیراق هەیە، بەڵام شار بۆ شار توندوتیژییەكانی جیاوازن، بەڵام لە كەركوك بەهۆی ئەو فرە نەتەوەییەوە، هێشتا وەك پێویست ئازادی بە ژنان نەدراوە كار بكەن، بۆیە دیاردەكە لە كەركوك زیاترە، رێكخراوەكانی ژنان و بەتایبەتی هەوڵەكانی یەكێتیی ژنان بەردەوامە بۆ رێنماییكردن و هۆشیاركردنەوەی دایك و باوكان و ژنان و بەتایبەتی كچان كە چیتر ئەم كێشانە روونەدەن لە نێو كۆمەڵگەدا، یان رێگربین لە بەردەم روودانی كێشەكاندا، بۆ نموونە لە كاتی روودانی هەر جەنگێكدا ژنان پشكی شێریان بەردەكەوێت لە توندوتیژیی و دەبن بەقوربانی ئەو جەنگە.
وتیشی: لە كەركوك شێڵتەر و پەناگەیەكی تایبەتمان نییە بە داڵدەدانی ژنان لە كاتی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی، بۆیە هەر كێشەیەك لەو شێوەیە بێت پێش لە هەڕەشە لێكردن و هەڵهاتنی ژن یان كچ، ناچار دەبین پەنا ببەینە بەر بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژیی سلێمانی و لە رێگەی ئەوانەوە چارەسەر دەكرێت.