فەرید ئەسەسەرد نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی، رایدەگەیەنێت: سوریا لەڕووی سەربازییەوە یەكلابووەتەوە، بەڵام لەڕووی سیاسی، ژیانی خەڵكەكەی، ئازادییەكان و دیموكراسییەوە هیچ دیارنییە و دەبێت چاوەڕێ بكەین.
فەرید ئەسەسەرد نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسی، لە لێدوانێكی رۆژنامەنووسیدا بۆ دەنگی گەلی كوردستان، رایگەیاندووە: لە سوریا رژێمێكی دیكتاتۆر و تۆتالیتاری بەعسیی رووخا، كە زۆربەی گەلی سوریاش دژی ئەو رژێمە بوون، بۆیە ئێستا دەبێت ئەو وڵاتە بەرەو دیموكراسی بڕوات، هێنانەئارای سیستمی دیموكراسیش پێویستی بە كەسی دیموكرات هەیە، وتیشی: تا ئێستا روون نییە ئەوەی هاتووە رژێمێكی ئیسلامیی توندڕەوە، یان رژێمێكی عەلمانی یان كۆمەڵایەتی دەبێت، تا ئێستا نازانرێت ئەوەی دوای ئەسەد دێت، بڕوای بە دیموكراسی و ئازادیی رۆژنامەگەری و ئازادیی رادەربڕین دەبێت یان نا، ئەوەی هەیە تەنها لەڕووی سەربازییەوەیە و یەكلابووەتەوە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە ئایندەی سوریا ناڕوونە و دیار نییە.
ئاماژەی بەوەشكردووە كە «وایدەبینم دەسەڵاتی داهاتوو لە سوریا هەوڵدەدات وەكو رژێمی ئەسەد نەبێت، بەڵام چاوەڕێی ئەوەشیان لێ ناكرێت سوریا بەرەو دیموكراسییەكی باش بەرن، هەڵبژاردن و رۆژنامەی ئازاد و جۆرەكانی ئازادی بەرەوپێشچوون بەخۆیانەوە ببینن».
فەرید ئەسەسەرد، دەڵێت: ئەوەی دەسەڵاتی سوریا دەگرێتە دەست، قەرزارباری ئەو وڵاتەیە كە یارمەتی داوە و پشتیوانی لێكردووە و چەكی داوەتێ، كە ئەویش توركیایە، بەدڵنیاییەوە پەیوەندیی بەهێزی لەگەڵ توركیا دەبێت و میحوەریش دروستدەكەن، بەوەش سوریا دەكەوێتە ژێر هەژموونی توركیاوە و ئەوانەی دێنە سەر دەسەڵات ئایدۆلۆژیایان نزیكە لە توركیاوە، دەبێت چاوەڕوانیش بین توركەكان فشار بخەنەسەر دەسەڵاتی سوریای نوێ كە كەمێك دیموكراسی فەراهەم بكات بۆ گەلی سوریا، ئەگەر ئەوە بكرێت شتێكی باش دەبێت، بەڵام تا ئێستا ئایندەی سوریا دیار نییە و دەبێت چاوەڕێ بكەین.