حەیدەر مەنتك
بەداخەوە، رۆژی هەینی 6/12/2024، پێشمەرگەی دێرینی سەرەتای شۆڕشی نوێ، (تۆفیق قەیسەری) بەنەخۆشی كۆچی دوایی كرد.
لەگەڕان و سۆراخكردنێكی خێرادا بە مێژووی شۆڕشگێڕانی شارەكەی حاجی قادردا، بە مێژووی كوڕە ئازاكانی قوەتی كۆسرەت و تیپەكانی 90ی باواجی و 93ی كۆیەدا، ئاشنا دەبین كە یەكێك لەوانە تۆفیق قەیسەرییە، لە گێڕانەوەی ئەو مێژووەدا، بەبێ ئاماژەدان بەو پێشمەرگە و فەرماندەیە، باسەكە لاسەنگ و ناتەواو دەبێت.
ئەو تێكۆشەرە، هەموو ژیانی گەنجیی خۆی كردە قوربانی بۆ پاراستنی خاك و نەتەوەكەی، وەك تێكۆشەرێكی یەكێتی، لەسەر بیروەباوەڕەكەی و ئینتیمای بۆ نیشتمان، هەوراز و نشێویی زۆر بینی، هەرگیزیش لەبەرامبەر كۆسپ و مەترسییەكان كۆڵی نەدا و لە خەبات دانەبڕا.
ژیاننامەكەی
تێكۆشەری نەمر، تۆفیق رەفیق ئەحمەد مستەفا ناسراو بە تۆفیق قەیسەری، لە دایكبووی ساڵی 1961ی گوندی (قەیسەری)ی سەربە شاری كۆیەیە و دەرچووی قۆناغی سەرەتاییە.
ساڵی 1976 پەیوەندیكردووە بەڕێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە و ساڵی 1977 بووە بە پێشمەرگە لە هەرێمی هەشتی دەشتی هەولێر، دواتر لە كەرتی دووی تیپی 93ی كۆیە درێژەی بە پێشمەرگایەتی داوە و لە هەمان تیپیش كراوەتە فەرماندەی كەرت و تا دوای ئەنفالەكان هەر لەو تیپە بووە، پاشان لە كۆتایی ساڵی 1988 لە پێشمەرگایەتی دابڕاوە.
بەشداریی راپەڕینی ساڵی 1991ی كردووە و بۆتەوە بە پێشمەرگە لە هێزی حەوتی كۆیە.
وەك فەرماندەیەك لە سەرجەم ئەو نەبەردییانەی لە سەردەمی شاخ و دوای راپەڕین بەشداریی كردووە، رۆڵی ئازایانەی گێڕاوە.
دوا پلەی سەرلەشكر بووە لە فەرماندەیی نۆی كۆیە و دواتریش بە پلەی لیوا خانەشین كراوە.
لە ژیانی پێشمەرگایەتییدا سێجار برینداركراوە و لە خێزانەكەیدا خاوەنی سێ شەهیدە.
رۆژی 6/12/2024، بەهۆی نەخۆشییەكی درێژخایەنەوە لە شاری كۆیە كۆچی دوایی كرد و لە گوندی (قەیسەری)ی زێدی لەدایكبووی، بەخاك سپێردرا.