هەرجارەی تێكۆشەرێك

پێشمەرگەی دێرین مەلا جەمال

11:45 - 2024-12-09
کوردستان
46 جار خوێندراوەتەوە

ئالان محەمەد جەزا
دەربارەی پەروەردە لە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا لەو سەردەمە، رێكار و هۆكاری زۆر دەگیرایەبەر، یەكێك لەوانە بوونی بڵاوكراوەی ناوخۆیی بوو كە زۆرگرنگ بوو بۆ خۆپەروەردەكردن، ئەوەش كاریگەریی زۆری هەبوو لە دورخستنەوەی مەترسیی ئاشكرابوونی ئەندامان و شانەكانی رێكخستن، ئەوكاتەش پێكهاتەی ئۆرگانەكانی رێكخستن بەشێوەی تەزبیحی بوو، واتا پێكەوە گرێدرابوون، بەڵام زۆر بەهۆشیاری و وریاییەوە كارەكان رایی دەكران.
سەرەڕای ئەو شێوازی كاركردن و لەو خۆپارێزییە زۆرەی كە دەكرا، جارجارێك هەڤاڵانمان هەر دەكەوتنە داوی دوژمنەوە و دەستگیر دەكران، بەڵام ئیرادەی بەهێز بە رێبازی كوردایەتی و ئومێد بە سەركەوتن، هەڤاڵان خۆڕاگربوون لەكاتی دەستگیركردن و ئەشكەنجەداندا و نهێنییەكانیان دەپاراست.
دوای رێكخستن، قۆناغی پێشمەرگایەتی دەستیپێدەكرد كە زۆبەی ئەوانەی دەبوونە پێشمەرگە ئەندامی رێكخستنەكان بوون و بە پشتگیریی رێكخستن لە پێشمەرگایەتی وەردەگیران.
سەبارەت بەخۆشم، لەگەڵ هەڤاڵێكدا بە ناوی (مەلاعوسمان سابیر ئەسعەد) لە رۆژی 21/11/1980چوینە شاخ و  خەباتی پێشمەرگایەتیمان دەستپێكرد.
دیارە شەڕەكانی هێزی پێشمەرگەی یەكێتی دوژمنی توشی شۆك كردبوو، چەند پێشمەرگەیەك كە لە پەنجەی دەست تێپەڕیان نەدەكرد، بەڵام دوژمن بە هێزێكی زۆری ئاسمانی و زەمینییەو پەلاماری دەدان و دواجاریش سەركەوتن هەر بۆ پێشمەرگەبوو.
بەڵام بەداخەوە، دۆخی ئێستای تێكۆشەران لە ئاست خەبات و ماندوبوونیاندا نییە، بەشی زۆریان مافی خۆیان پێنەدراوە و هەشیانە بە پلەیەكی زۆر نزم خانەنشین كراوە.
بۆ ئەوەش پێویستە چاكسازیی لە شێوازی خانەنشین (ئاماری گشتی)دا بكرێت و یاسای ژمارە 37 و 38 بە تەواوی ئیمتیاز و وردەكارییەكانەوە، جێبەجێبكرێت كە لە قازانجی پێشمەرگەی دێریندایە.
پرۆفایل
جەمال عەلی ئەمین ناسراو بە مەلا جەمال.
لە دایكبووی ساڵی 1963ی گوندی (مەلازیاد)ی دەشتی كۆیە.
مانگی 2ی 1977 پەیوەندیكردووە بەڕێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە و ساڵی 1980 بووە بە پێشمەرگە.
ئێستا لێپرسراوی لقی هەندەرانی كۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەكانی كوردستانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان