هــــــــانا

10:53 - 2024-12-12
ئەدەب و هونەر
175 جار خوێندراوەتەوە

تێکستی: شێرزاد حەسەن

 

هاوار بە ماڵم.. ئەمساڵ تێپەڕی
نیوەشەوێک بێدار نەبوومەوە.. بگریم!
تەواو.. دۆستانی ئازیز، دەستم لێ بشۆن
ئەوە من نیم ساڵێک تێپەڕێ و نەگریم!
ئەوە من نیم.. حاشا و واوەیلێ لە خۆم،
خۆ ئەمساڵ.. لە هەموو ساڵان پتر و کوشندەتر
رووباری وشک و مانگی کوژاوە و 
چۆلەکەی کوێرم بینی.
هیچ بەیانییەک نەبووە کە بێدار ببمەوە
فریشتەیەکی باڵشکاو.. دەم پڕ لە خوێنی سارد
لە سەربان و بەر پەنجەرەی ژوورەکەمدا نەبینم..!
تەواو.. هاوارتە لە من هۆ مەردمگەلی بێئاگا لە دنیا
دیارە منیش وەک دەعەجانییەکی یەکچاو و نەفرین 
لە خەمی خەڵکی دووڕو و بەدڕەوشتا بووم.
خۆ ئەمساڵ.. ساڵی سیا و وەیشوومە و ئافات بوو
گۆرانییەکانیش لەسەر لێوان دەخنکان و بێ ساز و ئاواز 
ژمارەی کچگەلە پاکیزە ئەتک‌کراوەکانیش بێ شومار
غیرەت مروەتی پیاوانی سەر ئەسپە پیرەکانیش
سارد و سڕ و بێباکتر.. ئەی بۆ منیش نەچوومە مەیدانێ؟
خۆ ئێوارانی ئەمساڵ.. گەلێک زەردەپەڕی خوێناویم بینی
خەزانی ئەمساڵ لە بری گەڵاڕێزان، گەڵای گریانی دەوەراند
زستانی ئەمساڵ، ئاسمان رۆندکی رەش و فرمێسکی دەباراند
رەشەبا و گەردەلوول لە بری لم و گەرد و خۆڵی بیابان،
یانژی لە بری بۆن و بەرامەی پاک و هەڵاڵەی باخەکان
ژەهر و کلی دزراوی چاوی بووکە زۆر غەمگینەکانی دەهانی
داد و فیغانی ئەو بووکانەی کە بە زەبری خەنجەر و 
بالیف خستنە سەر دەم و بە زۆر گەوزاندن،
لە پیاوە پیر و چەتە بێ دڵەکان مارە دەکران.
ئەی بۆ نەگریام.. منی تەنیا و بەجێماو لەنێو کوشتارگادا...؟
هانام هێناوەتە بەر تۆ، هۆ گریان
هۆ میوانی دوانزە مانگ لە من تەوەللا و  زوویر و زیز
هۆ هاوڕێ و هاودەم و هاوخەم و ئازیز
لێت دەپاڕێمەوە.. وەک ئەو ژنە نەزۆکانەی
کە بۆ  سک و زانێک، جووت مەمکی خڕیان
لە کێلی ساردی پیاوچاکێک هەڵدەسوون،
دەگرین و دەپاڕێنەوە... ئاوا لێت دەپاڕێمەوە،
وەک ئەو قەیرەکچانەی بۆ بۆنی پیاوێک
لێوی گەرم و تەڕ و پڕ تەزوویان
لە شیشەبەندی ساردی مەزاری غەوسێک
هەڵدەسوون و دەگرین و دەپاڕێنەوە.
بۆ مرازی هەرگیز نەبووی نێو دڵی ژەنگگرتوویان
شیشبەندی قەفەزەکە رادەتەکێنن و دەبوورێنەوە..!
دەپاڕێمەوە لێت هۆ گریانی ئەستەم و مەحاڵ
لەسەر وەختی پرسە و شیوەن و ئەسرینی خوێناویی.
ئەی زبانی پاکی پەیامبەرە نامورادەکان.. فریامکەوە
وام  لێ مەکە گومان لە تۆ و لە خۆیشم بکەم
نیوەشەوێک.. بەو دەستە تەڕ و بێ پەنجانەی خۆت بێدارمکەوە
دڕدۆنگ و زوویر مەبە... وا تێمەگە خەمم کەمن
تازە.. نە من دەستبەرداری تۆ دەبم،
نە تۆیش دەسبەرداری منی خەمزەدە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان