ئالان محەمەد جەزا
ساسان سەمەدیی لەدایك بووی شاری مەهابادە، ساڵی 1984 لە بنەماڵەیەكی رووناکبیردا لەدایكبووە، باوکی مێژوونووسە و زیاتر لەبیست كتێبی نوسیووە، لەهەمووی گرنگتر ئەوەیە کتێبەکانی سەبارەت بە مێژووی مەهابادن، واتە مێژووی مەهاباد باشترین كتێبیەتی لە سەر مێژوو و بەسەرهاتەكانی ئەو شارە، ساسان خۆی بڕوانامەی ماستەری هەیە لە ئەندازیاریی بیناسازیدا، ئێستاش چاودێری بیناسازییە و ئەندازیارە لە مەهاباد، لەگەڵ ئەوەیشدا زیاتر لە بیست ساڵە مۆسیقا دەژەنێت.
لە دیدارێکدا بەمجۆرە بۆ ئەدەب و هونەری کوردستانی نوێ دوا:
هەر لە منداڵییەوە هۆگری مۆسیقابووم، لە تەمەنێکی كەمەوە وەك دایكم و باوكم بۆیان باسکردووم، هۆگری مۆسیقا بووم و لە 16 ساڵییەوە دەستم كردووە بە فێربونی ئامێری كەمانچە، ئەوەی ئێوە پێی دەڵێن جۆزە. لەلای مامۆستا هاشمی رەشادەت كە یەكێك لە مامۆستا بەناوبانگەكانی شاری مەهابادە دەستم پێكردووە، هێندە حەز و خولیام لەو سازە و ئەوەندە هۆگری مۆسیقا بووم كە تەواوی هەركتێب و هەرشتێك بێت زیاتر شەش بۆحەوت كتێبم لە ماوەی چوار ساڵدا تەواو كردووە، دواتر لەسەر رەدیفەكانی مۆسیقای ئێرانیی كارم كردووە، دوای ئەویش دەستم كردووە بە كۆكردنەوەی بابەتە کۆنەکانی مۆسیقای كوردیی، مامم «سەید عەبدلڵای سەمەدیی» بەشێكی زۆری لە بەیت و حەیران و مەقام و لەو گۆرانییە کۆنانە کۆکردبۆوە، كاتێک لە گوندەكانی مەهاباد مامۆستا بوو، بە زەبتێكی «تەسجیلێکی» بچكۆلەوە ژمارەیەک بەرهەمی هونەریی باشی كۆکردبۆوە دەتوانم بڵێم: یەكێك لە بەهێزترین بەیت و حەیران و وردەقام و ئەوانەی موكریان بە تایبەتی، مامم كۆیكردوونەتەوە.
*یەکەم کاری هونەریی کە تێیدا بەشداربوویت چی بوو؟
-یەكەم گرووپ كە تیایدا بەشداربووم «گرووپی وەفایی» مەهاباد بوو، ئەم گرووپە زیاتر لە هەشتا ساڵە لە مەهاباد هەیە و چەندین نەوە لەو گروپوەدا بەشدارییان كردووە، مامۆستای گەورەی تیایدابووە، بۆماوەی پێنج ساڵ لە گرووپی وەفاییدا بووم، كۆنسێرتی زۆرمان کرد و یەكێك لە كۆنسێرتە باشەكانمان «بەیتی سەیدەوان» بوو كە بەیتێكی بەناوبانگە، تراژیدیایەكی كوردییە وەك فلمێك وایە پێشکەشمان كرد بە شێوازێكی نوێ لە مەهاباد و لە چەندین شاری كوردستانی رۆژهەڵات، كۆنسێرتی «سەیدەوان» چوون دەقی بەیتەكان شاهید بوون، ئێمە وەك مۆزیكکار پێشکەشمان کرد، جگەلەوەی یەكێكیش بەیتەكەی دەگێڕایەوە بۆخەڵك، كە رووداوەکانی ئەم چیرۆکە لە چیای داسنی روویانداوە، باسی باوکێک دەکات دەیەوێت ژن بۆ كوڕەكەی بهێنێت و ئەمە بە تراژیدیا کۆتایی دێت. پاش دە ساڵ كاركردن لە بواری مۆزیکژەنیندا، دەستم كرد بەكاری دابەشكردن و ئاوازدانان، گەلێک كارم بۆ هونەرمەندان کردووە، هەم لە باشوور و هەم لە رۆژهەڵات، تەنانەت لە ئەوروپایش.
ساسان سەبارەت بە کۆنسێرتەکانی پێی راگەیاندین: تائێستا كۆنسێرتم لە چەندین كیشوەری ئەوروپا كردووە، ساڵی 2006 یەكەم كۆنسێرتم لەگەڵ «گرووپی وەفایی» دەستپێكرد، 2007 لە گەڵ كاک «سەڵاحی خزری» چەند بەرنامەیەكمان كرد بەناوی «ژیلەمۆ»، لەو کارەدا ژەنیار بەشدار بووم. ساڵی 2010 لە دیاربەكر « ئامەد» كۆنسیرتمان کرد، 2013 لە وڵاتی سكۆتلەندا لەگەڵ «گرووپی پەرواز» كە گرووپێكی نێودەوڵەتیی بوو، ساڵی 2014 لەگەڵ «مامۆستا عەزیز شارۆخی» كۆمەڵیك كۆنسێرتمان هەبوو هەر لەگەڵ «گرووپی وەفایی»، لە زۆر شاری ئێران چەند كۆنسێرتێكی خێرخوازیشمان هەبووە بۆ توشبووانی شێرپەنجە، ساڵانی 2015 - 2016 لەگەڵ «گرووپی ژێ« لە مهاباد ژمارەیەک چالاکییمان هەبووە و کۆنسێرتیشمان كردووە.
ساڵی 2016 لەگەڵ گرووپی وەفایی بانگهێشتكراین بۆ وڵاتی سوید لە ستهۆكۆڵم کۆنسێرتمان کرد، 2017 لە ئەڵمانیا بانگهێشت كراین، فیستیڤاڵێك هەبوو بەناوی دەنگی ژنانی ئێران لەگەڵ خاتوو «زارا رۆژهەڵاتیی»، لە بەرلین بەشداربووم لە ۆركشۆپێك لەسەر مەقام و لەسەر شێوازی جۆراوجۆری حەیرانەكانی وڵاتی خۆمان و ناساندنی ئامێرەكانی مۆسیقای كوردیی، لەوێ دانیشتنەکانم بەڕێوەبرد کە جەماوەریەكی زۆر لە ئەڵمانییەكان بەشداریان تێدا كرد، لەشاری كۆڵن كۆنسێرتێكی دیكەم لەگەڵ خاتوو «زارا رۆژهەڵاتیی» بەڕێوەبرد، زیاتر لە 12ساڵە سەرقاڵی راهێنانم لە مەهاباد، قوتابیم زۆرن بۆ فێركاریی ئامێری کەمانچە.
لەتەمەنی 16ساڵییەوە دەستم بە فێربوونی ئامێری کەمانچە کردووە و یەكەم كاریشم وەك دەركەوتن گۆرانییەکە بەناوی «كاڵێ بارمەكە»، ئاوازێكی فۆلكلۆری سنەیە
*چەند بەرهەمی تۆمارکراوت هەن؟
تائیستا زیاتر لە 30 كارم تۆماركردووە كە 21 كاریان هی خۆمن، زۆربەی كارەكان مامۆستا «جەعفەری رەشادەت» كە برای ئازیز و مامۆستای خۆشەویستمە، ئاواز و دابەشكردنی بۆكردوون و پێكەوە کارمان تێدا کردووە، نزیكەی 10 ئاوازم داناوە، نوێترین كارم ئاوازێكە بۆ گۆرانییەکی هونەرمەند «كیژان ئیبراهیم خەیات»، بەناونیشانی «مەستی ئەوین» كە تیكستەكەی نووسینی «مامۆستا جەعفەر رەشادەت»ە و ئاواز و دابەشكردنی خۆمە، ئیستاش چەند كارێکی ترم بۆ ئەو خاتوونە لەبەردەستدایە.
یەكەم كارم وەك دەركەوتن گۆرانییەکە بەناوی «كاڵێ بارمەكە»، ئاوازێكی فۆلكلۆری سنەیە كە لەناو جەماوەردا باش دەنگی دایەوە، دووەم تازەترین بەرهەمیشم لەسەر شیعرێكی مامۆستا هێمنە «نیمە هاوەڵێ لە گۆشەی بێكەسیدا خەم نەبێ» دیارە ئاوازەكەی مامۆستا جەعفەری رەشادەت دایناوە، بەم زووانە پێشكەش بە جەماوەر دەکرێت. نایشارمەوە خولیای مۆسیقای فۆلكلۆرم هەمیشە و رەسەنایەتی گۆرانیی كوردی لەناو کارەکانمدا دەبێ دیاربێت، حەزم لە ستایلێكە تێكەڵاو بێت لە فۆلكلۆر و پاپ، حەزدەكەم لە ئاوازە رەسەنەكانی كورد كەڵك وەربگرم، حەزدەكەم لایەنی رەسەنایەتی و فۆلكلۆر و ئەو شتە جوانانەی كوردایەتی زەقتر بێت، خۆشحاڵم كە توانیومە لەو ئەرکەدا سەركەوتووبم، یەكێك لەوكارانەی حەزم لێیەتی و بەردەوام دەیكەم ئەو بەیت و حەیران و فۆلكلۆرە كوردییانەن، ئەوانەی كوالێتیان لە ئاستێكی نزمدایە، گەلێک كارم نۆژەنكردۆتەوە ئەو دەنگە پاك و خاوێن دەكەمەوە، مۆسیقایەكی جوانی لەسەر دادەنێم كە بۆ نەوەی ئیستا ئەوكارە دوو قازانجی هەیە، ناهێڵێت بفەوتێت كە یەكجار لە سەر یوتوب دایبنێی وەك ساڵان نییە تۆمارەکە لەناوبچێت، دەتوانین هەندێ لەو کارە هونەرییانە رزگار بکەین، كارێكی سیدەوانیم حەمەدی بەیتان نۆژەنكردۆتەوە و بۆ «مامۆستا عەلی كردار» یەکێکی دیم نۆژەنكردۆتەوە .
«مامۆستایان: ماملێ، حەسەن زیرەك، عەلی مەردان و تایەر تۆفیق» بێشك ئەوانە مامۆستای مۆسیقای كوردین، دەبێ بەردەوام كاربكەیەن تا بییان ناسێنین بە جیلەكانی پاش خۆمان، كە ئیستا بەداخەوە ئەو مۆسیقییانە گوێی نادەنە كەسێك بیەوێ خزمەتی مۆسیقای كوردیی بكات و ئەوانە بناسن كە ئێستاش دوای چەندان ساڵ هەر گۆرانییەكانیان دەوترێتەوە و چێژو تامی خۆی هەیە، بێگومان گەلێک کارم بۆ مامۆستا محەمەدی ماملێ نۆژەنكردۆتەوە، لەوانە «چۆن لە سەفەربووی» دیارە چۆتە ناو دڵی جەماوەر.
بۆ مامۆستا حەسەن زیرەكیش «نازدار» كە بەدڵی خۆم یەكێك لە باشترین نۆژەنكردنەوەكان كردوومە و مۆسیقایەكی جوانم لەسەر داناوە.بەداخەوە هەندێ لە هونەرمەندان كاریان بەتەنیا بۆتە وتنەوەی گۆرانیی ئەو كەڵە هونەرمەندانە كە هیچ هونەرێك نییە بە بڕوای من، چونكە تۆ ناتوانیت گۆرانیی ئەو كەڵە هونەرمەندانە لەخۆیان باشتر بڵێیتەوە، كە ئیستا خۆم دە كارم لەبەردەستدایە كە بە بڕوای من، ئیمە دەبێت كاری نوێ بكەین.
*فیدباکی خەڵک چۆنە بۆ بەرهەمەکانت؟
لەهەر چوار پارچەی كوردستان و لە ئەوروپاش گوێگری خۆم هەیە، هەندێ كۆمینتی باشم بۆدێت كە دڵگەرمم دەكات سەبارەت بە بەكارەكانم، وتەم ئەوەیە كە هەمیشە رێزبگرن لەو كەسانەی خزمەت بە كەلتور و فەرهەنگ دەكەن، ریزبگرن لەو كەسانەی تێدەكۆشن بۆ جوانتركردنی كتێبخانە و مۆسیقا و ئەرشیفی کوردیی، دیارە زۆر كەس وەكو من خۆبەخشانە ئەو کارانە دەكەن، هیوادارم هەمیشە وا چاو لە هونەر بكەن كە شتێكی زۆر پێویستە بۆ كۆمەڵگا و تەواوی دنیا بە هونەر و بەگۆرانی و بە مۆسیقا بە ئەدەبیات و بە کارەکانیان خۆیان بەیەكتری دەناسێنن، هیوادارم رۆژێك بتوانم كۆنسێرتیك لە سلێمانی بكەم و خزمەت بە خۆشەویستان و هاوزمانانم بكەم.