ئەدەب و هونەر
لەم ژمارەیەوە ئەدەب و هونەر دەرگا بەسەر جیهانی دیاردە ئەدەبیی و هونەرەییەکاندا دەکاتەوە، بۆئەوەی نووسەران و هونەرمەندان وشە پەنگخواردووەکانی ناخیانی تێدا بچێنن و لە کۆتایشدا دەرئەنجامی بۆچوونەکان بمانگەیەنێت بە رێگەچارەی گەلێک کێشە یان مۆدێلی کەلتوریی ئەم رۆژگار و سەردەمەی هەموو بەهاکان لەبەردەم پرسیاری گەورەدان، ئێمە لە سەردەمێکدا دەنووسین و هونەر و ئەدەبیات پێشکەش دەکەین کە نرخی تواناکان لە دووربینێکی لێڵ و تێکەڵو پێکەڵەوە دەبینرێن. ئەوەی وادەکات بەها بۆ روانینی بێبەهاکان دابنرێت ئەوەیە کە خوێنەری بەرهەمی نووسەرەکان و بینەر و گوێگری هونەرمەندەکانیش، بوون بە دوو جۆر لە مرۆڤەوە، هەندێکیان خوێنەر و گوێگر و بینەرە لە پێناوی رەتکردنەوەی جوانییەکاندا و هەشیان لەخەمی سەرکەوتنی داهێنانی راستەقینەدان و دەیانەوێت سەنگی ئەدەب و هونەر بەلای کەم بەهرە یان دژە داهێنانەکاندا نەکەوێت.ئەم جیهانە جیاوازە ناوەند و نووسەر و کەش و هەوای ئەدەبیی و هونەریی جیاوازی خوڵقاندووە بە جۆرێک کە دیاردەی سەیر لە بوارەکەدا دێنە بەرچاومان، بۆ نموونە زۆربەی خەڵک موچەی دواکەوتووە و هونەرمەندێکی وەک ئیلهام شاهین دەهێنرێت بۆ هەرێمەکەمان و لە دهۆک خەڵات دەکرێت، یان نووسەرێکی وەک بەختیار عەلی لە دەرەوەی وڵات خەڵات دەکرێت و لە هەندێ بڵاوکراوەی ناوخۆدا گومان لە تواناکانی دەکرێت. نووسەرانی ژن نە مێژووی ئەدەبەکەیان نووسراوەتەوە نە ژمارەشیان هێندەی پیاوەکانە کەچی دان بەبوون و توانای یەکتردا نانێن و بەوە ناسراون کە رقیان لە یەکترە. ئەی بۆچی نەخوێندنەوەی نووسەران وەک دیاردەیەک و پەتایەک باس نەکەین؟ کە نەخوێنێتەوە چۆن دەنووسێت، ئەی چۆن دەوروبەرەکەی بانگ بکات بۆ خوێندنەوەی بەرهەمەکانی خۆی؟ دوا پرسیام ئەوەیە ئایا سەیرنییە لە ساڵانی شەست و حەفتاکاندا مەسەلە مرۆییەکانی میللەتانی تەواوی سەر گۆی زەوی، دەبوونە شاکاری ئەدەبی و هونەریی کەچی ئێستا ئازارەکانی هاوخوێن و هاوزمانەکانیشمان رامان ناچڵەکێنن؟