بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 400 هەزار گەشتیار لە رۆژانی پشووی جەژنی قوربانی ئەمساڵدا، روویان لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان كردووە.
سەرۆكی ئەو دەستەیەش ئاماژە بەوە دەكات: ״بەرنامە و پلانی چڕیان هەیە، بۆ ئەوەی رێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كودستان زیاتر بكەن״. هاوكات داوا دەكات، دەستەكەیان بكرێت بە دەستەیەكی سەربەخۆ، بۆ ئەوەی باشتر بتوانن پلان و بەرنامەكانیان لە خزمەتی سێكتەری گەشتیاریی جێبەجێ بكەن.
ئەمەل جەلال، سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان زۆر زیاتر بوو، هەرچەندە تائێستا هیچ ئامارێكی رەسمی ئامادەنەكراوە، بەڵام بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكان كە لە فڕۆكەخانە و بازگەكان وەرگیراون، زیاتر لە 400 هەزار گەشتیار لە رۆژانی پشووی جەژنی قوربانی ئەمساڵدا، روویان لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان كردووە.
ئا: تەها عەبدوڵڵا
سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان وتیشی: «وەك دەستەی گەشتوگوزار، پلانی هەشت ساڵەمان هەیە، بۆ ئەوەی بتوانین كەرتی گەشتوگوزار پێشبخەین و ئەو كەموكورتییانە چارەسەر بكەین كە ئێستا لە هەندێك شوێنی گەشتیاریدا بەدیدەكرێت، بۆیە پێویستمان بە چەند هەنگاوێك هەیە، لەوانە: پاكڕاگرتنی شوێنە گەشتیارییەكان و پاراستنی ژینگەی ئەو ناوچانە، لەوانە فڕێنەدانی پاشماوەی خواردن و خواردنەوەكان، دیارە ئەوەش دوو لایەنەیە، یەكێكیان پەیوەندیی بە ئاستی هۆشیاریی گەشتیارەوە هەیە، بۆیە پێویستە هۆشیاری و رێنمایی زیاتر بۆ گەشتیاران بڵاوبكرێتەوە، ئەوەی دیكەیان پەیوەندیی بە خاوەن كارەكانی ئەو شوێنانەوە هەیە كە خزمەتگوزاریی پێشكەش بە گەشتیاران دەكەن و دەبێت ئەوانیش رێگر بن لە شێواندنی ئەو شوێنانە».
چەندین جۆر گەشتوگوزار هەن
سەرۆكی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم راشیگەیاند: رێگایەكی دیكە بۆ راكێشانی گەشتیاران بۆ هەرێمی كودستان، بەڕێوەبردنی چالاكی جۆراوجۆرە لە وەرزە جیاوازەكاندا، وەك فیستیڤاڵ و پێشبڕكێ و یاد و بۆنەكان، ئەویش بە لەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندێتی شوێنە گەشتیارییەكان، بەوپێیەی كەشوهەوا و هەڵكەوتەی جوگرافی هەر ناوچەیەك جیاوازە لەوەی تر، ئەمەش وادەكات گەشتیاری زیاتر روو لە ناوچەكان بكەن.
ئەمەل جەلال
ئەمەل جەلال ئاماژەی بەوەشكرد: جگە لە شوێنە گەشتیارییەكان كە گەشتیاران بەمەبەستی بەسەربردنی كاتێكی خۆش و خواردن و خواردنەوە سەردانی دەكەن، لە هەرێمی كوردستان چەندین جۆر و فۆرمی ترمان هەیە كە دەتوانرێ بەهۆیەوە سەرنجی گەشتیاران رابكێشین، لەوانە: لە رووی چارەسەری سروشتیی نەخۆشییەكانەوە، بەهۆی ئەوەی لە كوردستان چەندین جۆر ئاوی سازگار و تایبەتمەندمان هەیە، خەڵكی وەك چارەسەر سوودی لێوەردەگرن كە ئەوەش بەشێكی دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی تەندروستی، تا لە رووی زانستییەوە بابەتەكە بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران روون بكەنەوە.
ببنە سەرچاوەی داهات
بەوتەی ئەمەل جەلال، بەوپێیەی هەرێمی كوردستان بە چەندین ناوچەی شوێنەوار و ئاینیی دەوڵەمەندە و هەریەكەیان پیرۆزیی خۆی هەیە، بۆیە دەكرێت ئەو شوێنانە وەك شوێنێكی گەشتیاریی ئەژمار بكرێت و ئاسانكاریی بۆ گەشتیاران بكرێت تا سەردانی بكەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەكرێت لە نزیك ئەو شوێنانە و شوێنە گەشتیارییەكانی دیكەش، چالاكی هونەریی جۆراوجۆر بەڕێوەبچێت و شوێنی خواردن و خواردنەوە و حەوانەوەی گەشتیاران دابین بكرێت، تا گەشتیار هەست بە ئاسوودەیی بكات و كاتێكی خۆش بەسەرببات.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، ئەو بەرپرسەی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت: «ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان لەسەر دەستی دوژمنان، تووشی چەندین كارەسات و جینۆساید بۆتەوە و سەدان هەزار كەس شەهید و ئەنفالكراون، بۆ ئەمەش بۆ هەریەكە لەو تاوانانە شوێنێكی تایبەت وەك مۆنۆمێنت و مۆزەخانە دروستكراون كە گوزارشت لە ئێش و ئازارەكانی گەلی كورد دەكات، بۆیە هەوڵمانداوە ئەوانیش لە چوارچێوەی پاكێجی گەشتیاریدا بن، بۆ ئەوەی كاتێك گەشتیاران سەردانی كوردستان دەكەن، بە جینۆسایدی گەلی كورد و ئەو هەموو چەوسانەوە و توندوتیژییانە ئاشنا بن و لەگەڵ ئەوەشدا ببنە سەرچاوەی داهات بۆ شوێنەكە و خەڵكی ناوچەكە».
دروستكردنی پڕۆژەی گەشتیاری
روونیشیكردەوە: بۆ گەیشتن بەو ئامانجانە و جێبەجێكردنی تەواوی بەرنامەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستان، پێویستە لەسەر ئاستی حكومەت و كەرتی تایبەت كاریان بۆ بكرێت، ئەوەی پەیوەندیی بە حكومەتەوە هەیە، گەیاندنی خزمەتگوزاری و چاككردنی ژێرخانی ئەو شوێنانەیە، بەوپێیەی كەرتی گەشتوگوزار یەكێكە لەو كەرتانەی دەبێتە سەرچاوەی داهات بۆ حكومەت، بۆیە پێویستە بە گرنگییەوە سەیر بكرێت.
وتیشی: «ئەوەی پەیوەندیی بە كەرتی تایبەتەوە هەیە، بریتییە لە دروستكردنی پڕۆژەی گەشتیاری لەو ناوچانە، بۆ ئەمەش پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم ئاسانكاریی تەواو بۆ وەبەرهێنەران و سەرمایەداران بكەن، چونكە لە كوردستان ناوچەی زۆرمان هەیە و ئەگەر پڕۆژەی گەشتیاریی هەبێت، ئەوە ئاسانكاریی بۆ گەشتیاران دەكات بۆ ئەوەی سەردانی بكەن، كەواتە بابەتەكە بەرپرسیارێتی هەمەلایەنەی هەیە و لە پلانی هەشت ساڵەمان، بە روونی باسمان لەو هەنگاوانە كردووە».
لە بارەی سەربەخۆیی دەستەی گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستانیش، ئەمەل جەلال وتی: «بۆ ئەوەی بە كەمترین كات زۆرترین گەشتیار رابكێشین و هەموو ئەو رۆتینیاتانە كەم بكەینەوە كە لە رووی كارگێڕییەوە هەیە، داوامان كردووە دەستەی گەشتوگوزار كە ئێستا سەر بە وەزارەتی شارەوانییە، بكرێتە دەستەیەكی سەربەخۆ، هەروەك چۆن ژمارەیەك دەستەی سەربەخۆ لە كوردستان هەن، ئەوكات دەستكراوەتر دەبین و باشتر ئەو پلان و بەرنامانە جێبەجێ دەكەین».