مووچەی بەشێكی تر لە خانەنشینانی هەرێم هاوتای بەغدا دەكرێت

11:52 - 2024-12-22
کوردستان
102 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا


لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی خانەنشینانی هەرێم، خانەنشینانی مەدەنی هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو مووچەكانیان بەهاوتاكراوی وەرگرت، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێك لەوانەی پێش ساڵی 2014 خانەنشینكراون  مووچەكانیان هاوتا نەكراوە، یەكێتیی خانەنشینانی كوردستانیش دڵنیایی دەدات لەوەی دوای تەواوكردنی رێوشوێنەكان مووچەی ئەوانیش زیاد دەكرێت.
سادق عوسمان وتەبێژی یەكێتیی خانەنشینانی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای ئەوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، لەبارەی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم، لەگەڵ عیراق جێبەجێكرا و سێ مانگە بەشێك لە مووچەخۆرانی مەدەنی مووچەكانیان بەهاوتاكراوی وەردەگرن، بەڵام بەشێك لە خانەنشینان مووچەكانیان هاوتانەكراوە، كە ئەوانەن پێش ساڵی 2014 خانەنشینكراون و مووچەكانیان لە 500 هەزار دینار زیاترە و دوای تەواوكردنی رێوشوێنەكان و یەكلاكردنەوەی بڕوانامەكانیان، مووچەكانیان هاوتا دەكرێت. لەبارەی خانەنشینانی سەربازیش، وتی: تا ئێستا مووچەی خانەنشینی سەربازیی هاوتانەكراوە، هۆكارەكەشی بۆ بوونی گرفت لە لیستی ناوی خانەنشینان دەگەڕێتەوە.
پێشتریش لێپرسراوانی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە رایانگەیاندبوو: هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینی سەربازیی وادەكات مووچەی بەشێك لە خانەنشینان كەمبكرێتەوە، بۆیە بڕیاردراوە بڕیاری هاوتاكردنەكە كاری پێنەكرێت، تا ئەوكاتەی گرفتەكان چارەسەر دەكرێن.

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان