سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسیویەتی: هەمیشە لە خەمی زیادكردنی سەوزایی و چالاكیی جوان و هونەرین لە پاركە خۆشەویست و قەشەنگەكەی شاری سلێمانی، پاركی هەواری شار.
لەیلا عومەر عەلی سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاندووە: بەبۆنەی نزیكبوونەوەی سەری ساڵی نوێ ئەم چالاكییەمان خستە بواری جێبەجێكردنەوە كە سیمایەكی جوانتر و رازاوەتر دەبەخشێتە پاركەكە، لە ئایندەیەكی نزیكدا دەخرێتە خزمەت هاووڵاتیانی خۆشەویستەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستە سەردانی پاركی هەواری شارمان كرد كە هەوڵدەدرێت كاری سەوزكردنەكەشی زوو تەواو بكرێت، ئاماژەی بەوەش داوە: بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ زیادكردنی چالاكیی جۆراوجۆر لە پاركەكەدا و فراوانكردنی رووبەری سەوزایی پاركەكە، چونكە پاركی هەواری شار، یەكێك لە رووگە گەشتیارییەكان و ژینگەی پاك و تەندروست و سیمایەكی جوانی شارە، مایەی پەرەپێدانی گەشتیاریی و هەوارێكە بۆ هاووڵاتیانی شارە خۆشەویستەكەمان تا لە هەموو وەرزەكانی ساڵدا پشووەكانی تێدا بەسەربەرن.