بۆ راگرتنی ئاگری شەڕی كورد و توركیا، ئەمریكا و فەرەنسا میانگیری دەكەن
هێزە سیاسییە كوردییەكان لە باكووری خۆرهەڵاتی سوریا، پەیوەندیی و راگۆڕینەوە لە نێوانیاندا هەیە بۆ كۆتاییهێنان بە ناكۆكییەكان و دروستكردنی وەفدێكی یەكگرتوو بۆ رێككەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق بە سەرۆكایەتیی ئەحمەد ئەلشەرع، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ پێكدادانەكانی نێوان هەسەدە و هێزەكانی توركیا و هاوپەیمانەكانی بەناوی سوپای نیشتمانیی سوری.
فەیسەڵ یوسف وتەبێژی رەسمیی ئەنەكەسە ئاماژەی بەوەكردووە: لە كۆبووونەوەیان لەگەڵ فەرماندەی هەسەدە مەزڵوم عەبدی، كە بە ئامادەبوونی نێردەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و فەرەنسا ئەنجام دراوە، گفتوگۆكراوە لەبارەی ناكۆكییە ناوخۆییەكان لەنێوان ئەو دوو لایەنە كوردییەدا، هاوكات لەو كۆبوونەوەیەدا قسەكراوە لەسەر پێكهێنانی وەفدێكی یەكگرتووی كوردی بۆ قسەكردن و رێككەوتن لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی دیمەشق و چۆنیەتی پاراستنی ناوچەكانیان لە هەڕەشەی ئەو هێزانەی لایەنگری توركیان لە باكووری وڵاتدا، لەگەڵ گەرەنتیكردنی مافەكانی كورد.
سەرچاوەیەكی كوردیش بۆ شەرقولئەوسەت تەئكیدیكردۆتەوە، هەردوو لایەنی نێوەندگیر ئەمریكا و فەرەنسا كاردەكەن لەسەر كپكردنەوەی شەڕ لەگەڵ توركیا دوای پەرەسەندنی هەڕەشەكانی ئەو وڵاتە، هەروەها گەیشتن بە دۆخێك لە سەقامگیریی و رۆشتن بەرەو دیمەشق و گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئیدارەی نوێی سوریا بۆ ئەوەی بگەنە لێكتێگەشتن لە قۆناغی راگوزەردا.
وتەبێژەكەی ئەنەكەسە لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ (الشرق الاوسط) وتوویەتی: بەدڵنیاییەوە كۆبوونەوەی فەرماندەكانی ئەنەكەسە و هەسەدە لە سێشەممەی رابردوودا، لە هۆڵی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی بووە دژی داعش لە حەسەكە، ئەوەش یەكەمجارە ئەو دوولایەنە كوردییە كۆدەبنەوە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا.
فەیسەڵ یوسف ئاماژەی بەوەكردووە: فەرماندەكانی هەسەدە رۆڵی نێوەندگیریی دەگێڕن بۆ پشتیوانیكردنی لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان و تێپەڕاندنی ئاستەنگییەكان و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان.