ئامادەکردنی/ محەمەد رەزا
محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
محەمەد عەبدولڕەحمان
رۆژنامەی کوردستانی نوێ، لە پەرۆشیی بۆ گەیاندنی کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتیان بۆ بەرچاوی لێپرسراوان لاپەڕەیەکی تایبەتی تەرخانکردووە، کێشەی کەمیی خزمەتگوزاری کۆڵان، گەڕەک، شەقام، گوند، قەزا، ناحیە و شارەکانی هەرێمی تێدا بڵاودەکاتەوە، بە ئامانجی راستەوخۆ گەیاندنی بۆ بەرچاوی لێپرسراوان و چارەسەرکردنی.
دانیشتووانی گەڕەكی ئازادی، داواکارییان هەیە
گەڕەكی ئازادی دەكەوێتە ناحیەی سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجە، گەڕەكەكە زیاتر لە 200 ماڵی تێدا نیشتەجێیە.
دانیشتوویەكی گەڕەكی ئازادی بە كوردستانی نوێی راگەیاند: سەرجەم كۆڵانەكانی گەڕەك خۆڵە و پێویستی بە قیرتاوكردنە، بۆئەوەی رزگارمان ببێتە لە قوڕ و تەپوتۆز.
وتیشی: چەند ساڵێکە پارچەیەک زەوی لە گەڕەکەکەمان تەرخانکراوە بۆ باخچە، بەڵام تائێستا لایەنی بەرپرس دروستی نەکردووە.
کەمیی خزمەتگوزاری لە گەڕەكی 105ەكانی قڕگە
لە بناری گۆیژە و سەروو گوندی قڕگەی كۆن لە شاری سلێمانی، گەڕەکی 105ەکانی قڕگە هەیە، زیاتر لە 1000 ماڵی تێدایە و خزمەتگوزارییان بەپێی پێویست نییە.
دانیشتوویەکی گەڕەکی 105ەکانی قڕگە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بە زستان قوڕ و هاوینیش تەپوتۆز بێزاری كردوین، داوای قیرتاوکردنی کۆڵانەکان و شەقامی سەرەکی گەڕەکەکەمان دەکەین.
وتیشی: قوتابخانەی گەڕەكەكەمان لە كابینەدایە، ئاوەڕۆمان بۆ نەكراوە و پرۆژەی ئاوی خواردنەوەشمان نییە، داوای جێبەجێکردنی خزمەتگوزارییەکان لە لایەنی بەرپرس دەکەین.
گوندنشینانی گەڕەدێ پێویستیان بە هاوکارییە
گەڕەدێ گوندێکی سەر بە ناحیەی سیتەكە لە سلێمانی، زیاتر لە 40 ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتووانەكەی 250 كەس زیاترە.
رێبوار عەلی دانیشتووی گوندی گەڕەدێ بە کوردستانی نوێی راگەیاند: شەقامی سەرەکی گوندەکەمان لە كانی شێخانەوە تا دەگاتە ناو گوندەکە هەڵتەكیوە و پێویستی بە چاککردنە، هاوکات تەواوی کۆڵانەکانی گوندەکەش پێویستی بە قیرتاوکردنە.
وتیشی: زۆر پێویستمان بە دروستکردنی بنکەی تەندروستییە، هەروەها کارەبای گوندەکەمان خراپە و داوای دابینکردنی موەلیدە دەکەین، داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەکەین هاوکاری جووتیاران بێت.
گوندنشینانی سەلیم پیرک داوای قیرتاوکردن دەکەن
سەلیم پیرک گوندێکی رەنگینی سەر بە قەزای دەربەندیخانە و گوندنشینان داوای خزمەتگوزاری دەکەن.
لوقمان حەسەن بەرپرسی ئەنجومەنی سەلیم پیرک بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بەشێک لە رێگە و کۆڵانەکانی گوندەکەمان گڵە و داوای قیرتاوکردنی دەکەین، هەروەها پێویستمان بە دروستکردنی چەند مەنهۆڵێکی ئاو هەیە، لەبەرئەوەی لە وەرزی زستاندا کاتی باران بارین ئاوێکی زۆر کۆدەبێتەوە.
وتیشی: داواکارین لە لایەنە بەرپرسەکان دەستی خزمەتگوزاری بۆ گوندەکەمان درێژ بکەن، زەوی و خانووەکانمان بۆ تاپۆ بکرێت و وەک گەڕەکێک بخرێتە سەر قەزای دەربەندیخان بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری بمانگرێتەوە و گوندەکەمان چۆڵ نەبێت.
گرفتی گوندنشینانی كانی چنار
گوندی كانی چنار سەر بە ناحیەی پیرەمەگرون، 24 ماڵی تێدایە و زیاتر لە 100 کەسی تێدا دەژی.
ئەنوەر شەریف دانیشتووی گوندی كانی چنار بە كوردستانی نوێی راگەیاند: تەواوی كۆڵانەكانی گوند پێویستی بە قیرتاوكردنە، چەند جارێک داواكاریمان پێشكەش كردووە و بێ ئەنجام بووە.
وتیشی: بنكەی تەندروستی و پرۆژەی ئاوی خواردنەوەمان نییە و داواکارین بیرێکی ئیرتیوازیمان بۆ هەڵبکەنن، گوندەکەمان ئاوەڕۆی نییە و لە رووی تەندروستییەوە کێشەی بۆ دروست کردووین.
سکاڵای دانیشتووانی گەڕەكی قەندیل لە كۆیە
گەڕەكی قەندیل لە كۆیە زیاتر لە 200 ماڵی تێدایە و داوای خزمەتگوزاری دەکەن.
هەموار دڵزار دانیشتووی گەڕەكی قەندیل بە کوردستانی نوێی راگەیاند: سەرجەم کۆڵانەکانی گوندەکەمان پێویستی بە قیرتاوکردنە، شەقامی سەرەکی کۆیە بووەتە رێگەی مەرگ و داوای چارەسەرکردنی لە لایەنی بەرپرس دەکەین.
وتیشی: رێگەی دووسایدی فیدراڵ خوار بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی كۆیە، رێگەیەكی سەرەكییە بۆ ناو دەروازەی شار تێکچووە و شارەوانی هەولێر چاکی ناکات بۆمان، هەروەها داوا دەکەین بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی کۆیە بهێنرێتە ناوشار لەبەرئەوەی دوورە بۆ حاڵەتی کتوپڕ.
ئاماژەی بەوەشکرد، داوای دروستکردنی قوتابخانەیەک لە گەڕەکەکەمان و پارکێکی گونجاو دەکەین.