کوردستانی نوێ ، یادی 33 ساڵەی دەرچوون و داگیرساندنی مۆمی 34 ساڵەی دەكاتەوە

11:43 - 2025-01-09
هەمەرەنگ
28 جار خوێندراوەتەوە

لە یادی 33 ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ و داگیرساندنی مۆمی 34 ساڵەیدا، رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ لە رۆژانی شەممە و یەكشەممە
11-12/1/2025، چەند چالاكییەك سازدەکات.
لە رۆژی شەممە 11/1/2025، سەعات 11ی پێشنیوەڕۆ كۆڕێك بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبێك لە نووسینی مام  جەلال تاڵەبانی بەناوی(حول المشكلة الكردیة في العراق)  بەڕێوەدەچێت كە بەزمانەكانی كوردی و عەرەبییە و  لە ئامادەكردنی نووسەر و ئەكادیمی د.نەوزاد عەلی ئەحمەدە و لە بڵاوكراوەكانی كوردستانی نوێ‌-یە و بە دیاری بەسەر ئامادەبووان دابەشدەكرێت.
هەر هەمان رۆژ سەعات 12ی نیوەڕۆ، مەراسیمی بەخشینی مەدالیای رێزلێنان بۆ دوو نووسەر و رۆژنامەنووسی هاوكاری كوردستانی نوێ‌ بەڕێوەدەچێت، كە ئەوانیش هەریەك لە رۆژنامەنووسان (لەتیف فاتیح فەرەج) و  (د. نەوزاد عەلی ئەحمەد)ە، كە ساڵانێكە لە بواری نووسین و رۆژنامەنووسیی خزمەت بە كوردستانی نوێ و وشەی كوردی دەكەن.
رۆژی دووەمی یادەكە، كە دەكاتە یەكشەممە 12/1/2025، سەعات 10ی بەیانی بۆ 12.30 نیوەڕۆ مەراسیمی پێشوازی لە میوانانی كوردستانی نوێ‌ بەڕێوەدەچێت كە بە مەبەستی پیرۆزبایی سەردانی بارەگای رۆژنامە دەكەن. پاشان سەعات 12.30 بۆ 1 نیوەڕۆ مەراسیمی دابەشكردنی رێزلێنان بۆ رۆژنامەنووس و كارمەندانی كوردستانی نوێ‌ بەڕێوەدەچێت، لەپای ئەو ئەرك و خزمەتەی پێشكەش بە رۆژنامەكەیان كردووە، وەكو یەكەمین رۆژنامەی رۆژانەی دوای راپەڕینی 1991 كە تا ئێستا بەردەوامە و زیاتر لە 9000 ژمارەی لێدەرچووە.
شایانی باسە، بە بڕیاری رەوانشاد سەرۆك مام جەلال رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌، لە 12/1/1992 ژمارە (0)ی دەرچووە كە ئەو كات بارەگای سەرەكی لە شاری هەولێر بوو، لەو رۆژەوە تائێستا بەشێوەی رۆژانە بەردەوامە لە دەرچوون و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەریدەكات.
كۆمار مەسعود

بابەتە پەیوەندیدارەکان