وەرزش و كوردستانی نوێ

لە لاپەڕەی 7ی وەرزش و ئاگادارییەكانەوە تا مۆندیال و ستادیۆم

12:15 - 2025-01-12
وەرزش
168 جار خوێندراوەتەوە

ئیسماعیل مەحمود 

هەمیشە دیدی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بۆ وەرزش،  وەك سەرجەم بوار و كایە زیندووەكانی تری ژیان، دیدێكی رون و كاریگەر بووە، هەمیشە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وەرزشی بە كایەیەكی زیندو و كاریگەر و بەرچاو بینیوە، وەرزشكارانیشی بە پایەیەكی بەهێز لەو پایە و كۆڵەكانە  زانیوە و بینیوە كە ژیانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیان لەسەر بنیات نراوە.
كەئەمە دەڵێین هەرلەخۆمانەوە قسە ناكەین، بۆ سەلماندنی ئەم رایەش خەرمانێك لە خزمەتی وەرزشیی (ی. ن. ك) لەم بوارەدا لەبەر چاون كە كەس ناتوانێت نكولیان لێبكات.
ئەگەر گوزەرێكی خێرا بە دەستكەوت و سەروەرییەكانی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستاندا لەبواری وەرزشدا بكەین، یەکێک لە خەمە گەورەکانی (ی. ن. ك) راگەیاندن بووە، راگەیاندنی وەرزشیش بەشێكی زیندو و كاریگەر بووە كە سەرجەم كەناڵەكانی راگەیاندنی (ی. ن. ك) گرنگییان پێداوەو فەرامۆشیان نەكردووە، ئەمەش خۆی بۆ خۆی سەروەرییەكی گەورە بۆ (ی. ن. ك) تۆمار دەکات، بەوەی وەرزش و راگەیاندنی وەرزشیی لەسەرجەم كەناڵەکانی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستاندا بە بینراو نووسراو و بیستراوەوە پشكی شێریان بەركەوتووە و حزوری هەبووە.
لێرەدا ئێمە ناچینە وردەكاری تەواوی وەرزش و راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانی كوردستانەوە، بەڵام دەکرێت بۆ یادی داگیرساندنی مۆمی 34 – ساڵەی تەمەنی رۆژنامەی كوردستانی نوێ ئاماژەیەكی كورت بە خزمەتەكانی ئەم رۆژنامەیە لەبورای راگەیاندنی وەرزشیی كوردستاندا دەكەین.
سەرەتای وەرزش لە كوردستانی نوێدا
هەرلە دوای راپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمانەوە، كاتێك خۆری رۆژنامەی كوردستانی نوێ هەڵدێت و وەك یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی دوا راپەڕین بە دیدی خوێنەران ئاشنا بوو، هەر لە ژمارە سفری رۆژنامەكەوە تا ئەم ساتەش، وەرزش جێگەی شیاوی خۆی گرتوە و رۆژنامەی كوردستانی نوێ بێ وەرزش نەبووە.
ئەوە 34 ساڵە كە رۆژنامەی كوردستانی نوێ و راگەیاندنی نووسراوی وەرزشیی، ئاوێزانی یەكترن، بۆ یەك رۆژ لە یەكتر دانەبڕاون، ئەم مێژووەش لە ژمارە سفری رۆژنامەكەوە دەستپێدەكات تا ئەمڕۆ كە مۆمی 34 ساڵەی تەمەنی دادەگیرسێنین.
من خۆم وەك كاراکتەرێك، بەردەوامم و بەدرێژایی ئەو مێژووە لەم رۆژنامەیە و لەبەشی وەرزشەكەی دانەبڕاوم، كاتێك ژمارە (0) ی رۆژنامەكە لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆی ساڵی 1992 دا كەوتە بەردیدەی خوێنەرانی، من بە بینینی چاوم روون بۆوە، كاتێكیش لەو ژمارەیەدا و لە لاپەڕەی 7 یدا كە ئەو كات رۆژنامەكە 8 لاپەڕەبوو، مژدەی ئەوەی بە خوێنەرانی و وەرزشكارن و وەرزشدۆستان دابوو كە وەرزشیش بەشێك دەبێت لە رۆژنامەكە و كوردستانی نوێش دەبێتە ئاوێنەیەكی روون تا وەرزشكارانیش خۆیانی تیادا ببیننەوە، شاگەشكە بووم.
نوسینگەی سلێمانی
ئیتر لەم ژمارەیەوە بڕیارمدا منیش ببمە ئەندامێكی وەرزشكاری رۆژنامەكە، بۆیە بڕیارمدا نوسینگەی سلێمانی بدۆزمەوە كە ئەوسا لە بینای عەلی نەمەڵی بوو لە شەقامی سالم، هەرزوو خۆم گەیاندە نوسینگەكە، نوسینگە هێشتا بە تەواوی دانەمزرابوو، خوالێخۆشبووان مامۆستا حەمە نوری تۆفیق كە بە مامۆستا و رێپیشاندەری خۆمی دەزانم، لێپرسراوی نوسینگە بوو، مامۆستا مستەفا ساڵح كەریم جێگری بوو، خۆم بە مامۆستا حەمە نوری ناساند، باسی خۆم بۆ كرد، ئەویش پشتگیری كردم و داوای لێكردم بەردەوام بم لەگەڵیان و هەواڵەکانی وەرزشی ناو شاری سلێمانی بگەیەنمە دەستیان.
ئەگەر باسی نوسینگەی سلێمانی ئەو ساتە بكەم كە بۆ یەكەم جار من سەردانیم كردن، ئەوە خۆی بۆ خۆی باسێكی ترە، بەڵام زۆر بەكورتی نوسینگە لە دوو ژوری شوقەیەكی قاتی سێیەمی بینای عەلی نەمەڵیدا بوو، ژورێك مامۆستا حەمە نوری و ژورەكەی تر مامۆستا مستەفای لێبوو، دوو مێزی ئاسن و یەك دوو قەنەفەی كۆن و چەند كورسییەكی ئاسن لە هەردوو ژورەكەدا بوو، هەردوو مامۆستای كۆچكردوو بەیانی و ئێواران دەوامیان دەكرد، رۆژانە سەردانیكەرێكی زۆریان هەبوو، سەردانیكەران ئەدیبان و نووسەران و رۆشنبیران و پەیامنێرانی ناو سلێمانی و درەوەی سلێمانیش بوون، سەرجەمیان بەبەردەوامی لەم نوسینگەیە بوون، رۆژانە پۆستەی سلێمانی لە هەواڵ و پەیام و نووسین و بەرهەمی نووسران و شاعیران و ئەدیبان دەگەیەنرایە هەولێر بۆ بارەگای رۆژنامەكە تا بڵاو بكرێنەوە.  
من سەرەتا بۆ ماوەی نزیكەی 6 مانگ وەك هاوكار بەردەوام بووم، دواتر بە رەسمی كرام بە پەیامێری وەرزش، ئیترە لەورۆژەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، بۆ تەنیا یەك رۆژیش لە کوردستانی نوێ دانەبڕاوم.
لاپەڕەی وەرزش 
رۆژنامەی كوردستانی نوێ لەهەوێر دەردەچوو، 8 لاپەڕە بوو، لاپەڕەی 7 بۆ وەرزش و ئاگادارییەكان تەرخان کرابوو، ئیتر ئەگەر ئاگادارییەكان كەمبوونایە، وەرزش زۆر دەبوو، بەپێچەوانەشەوە، كە ئاگارداییەكان زۆر بوونایە وەرزش كەم دەبوو، لەهەولێر، سەرەتا چەند رۆژنامە نووسێكی وەرزشی لاپەڕەكەیان بەڕێوە دەبرد، ئەوەندەی من بیرم مابێت مامۆستا سەڵاح حەسەن خەسرەو و حەمە سەعید كوردە و عیماد قادر و چەند رۆژنامە نووسێكی تر ئەو ئەرکەیان رادەپەڕاند.
رۆژنامە نووسانی سلێمانی
لە دوای 31 -ی ئابی ساڵی 1996 - ە وە، کاتێک بارودۆخی هەولێر تێک چوو، دوو یان سێ ژمارە لە سلێمانی دەرکرا، بەڵام دواتر کە بارو دۆخی سلێمانیش تێکچوو، ئیتر رۆژنامەکە بە تەواوی لە دەرچوون وەستا، بەڵام هەمووی نزیکەی دوو تا سێ مانگێکی نەخایاند، دوای ئاسایی بوونەوەی بارودۆخی شاری سلێمانی و دواتر دروستبوونی ئیداری سلێمانی، لە سلێمانی دەست بەدەرکردنی رۆژنامەی کوردستانی نوێ کرایەوە.
ئیتر لێرەوە من سەرپەرشتی لاپەڕەی وەرزشم پێ سپێردرا، لەگەڵ منیشدا ناکرێت رۆڵ و ماندوو بوونی هاوکارانم سەنگەر زرار شێخەشلی و سەنگەر خۆشەوی و یادگار ساڵح و کۆمەڵێک نووسەری تری بواری راگەیاندنی رۆژنامە نووسی، لە یاد بکرێت، کە رۆڵی بەرچاویان بینی سەرخستن و ئامادەکردنی لاپەڕەی وەرزشدا.   
گەشەكردنی لاپەڕەی وەرزش
وەك باسم كرد، وەرزش بە شێوەیەک لە كوردستان نوێدا بڵاو دەبووەوە کە لەگەڵ ئاگادارییەکاندا لە لاپەڕەی پێشکۆتایی و 7 دا بوو، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو، وەرزش و لاپەڕەی وەرزش گرنگی زیاتری پێدرا، بەتایبەتیش کاتێک رۆژنامەکە کە هاتە سلێمانی. لەسەرەتاوە هیچ كاتێك لاپەڕەی وەرزشی سەربەخۆ نەبووە، هەمیشە وەرزش و ئاگادارییەكان لە لاپەڕەی 7 دابوون، ئەوەبوو بۆ یەكەمین جار بڕیار درا وەرزش هەفتانە لاپەڕەیەكی سەربەخۆی هەبێت، ئەم بڕیارەش رۆژی 10/2/1999 جێبەجێكراو لاپەڕەی وەرزشی هەفتە بڵاو بوەوە، ئیتر هەموو رۆژانێكی چوار شەممان ئەم لاپەڕە سەربەخۆیە بێ ئاگاداریی بڵاو دەبووەوە.
گەشە سەندنی بەردەوام
لەبەر گرنگی وەرزش و راگەیاندنی وەرزشیی نووسراو، پاش وەرزشی هەفتە، لەرۆژی 23/5/2001 – ەوە و لە ژمارە 1799 –ەوە،  ئیتر وەرزش لاپەڕەی تایبەتی بۆ تەرخانكراو بووبە لاپەڕەی رۆژانە.
ساڵێك پاش دەرچوونی لاپەڕەی وەرزشیی رۆژانە، كاتێك هەرێمی كوردستان دوو ئیدارەیی بوو، رۆژی 16/3/2002 رۆژنامەی كوردستانی نوێ، دوو توێیەكی وەرزشیی بە ناوی ستادیۆمی پەروەردەوە، بۆ فێستیڤاڵی وەرزشیی پەروەردەكانی ئیدارەی سلێمانی دەركرد، پاشان دوو ژمارەی تریشی لە رۆژانی 30/3 و 1/5/ 2002 دەركرد كە كۆی سێ ژمارە دەكات.
ئیتر ئەم ستادیۆمی پەروەردەیە، بوو بە هەوێنی دەرچوونی ئەم ستادیۆمەی كە ئێستا بەردەوامە لە دەرچوون و تائێستاش هەفتانە رۆژانی سێشەممان دەردەچێت، ستادیۆمیش بە چەند قۆناغێكدا تێپەڕیوە، ماوەیەك رۆژانە بوو، پاشان بووەوە بە هەفتانە، چەند جارێك وەستاوە و دواتر دەست بە دەرچوونی كراوەتەوە، ئەمەش خۆی بۆ خۆی مێژوویەكی تایبەتی خۆی هەیە .
مۆندیالەكان
رۆژنامەی كوردستانی نوێ تەنیا لاپەڕەی وەرزش و وەرزشی هەفتە و پاشان لاپەڕەی وەرزشیی سەربەخۆ و دواتریش ستادیۆم نەبووە، بەڵكو بۆ مۆندیالەكانی 1994 –ئەمریكا و 1998 -فەرەنسا و 2002 ی کۆریا و ژاپۆن و  مۆندیالەكانی دواتریش پاشكۆی رۆژانەی تایبەتی دەركردووە، ئەم دووتوێیانەش ستافی بەڕێوەبەری خۆیان لە هەولێر و سلێمانی هەبووە، پاشانیش كە ستادیۆم بوو بە رۆژانە، ئەو كاتانەی مۆندیال كەوتبێتە ئەو كاتەوە كە ستادیۆم رۆژانە دەرچووە، ستادیۆم تایبەت كراوە بەو مۆندالە.
ئەمەی وترا، مشتێكە لە خەرواری مێژوو و خزمەتەكانی رۆژنامەی كوردستانی نوێ لە بورای راگەیاندنی نووسراوی وەرزشییدا، ئەم مێژووە دەکرێت زۆر فراوانتر باسی بکرێت، کەسە ماندووەکان، ئەوانی پێیەوە ماندوو بوون تا ئاوانەشی خزمەتێکیان تیادا کردووە باسبکرێن و بۆ مێژوو ناویان بهێنرێت، هیوادارم ئەمەش رۆژێک لە رۆژان بێتە دی، بەو هیوایەی رۆژنامەكە یادی 100 ساڵەی تەمەنی بكاتەوەو راگەیاندنی نوسراوی وەرزیشیی لە رۆژنامەكەدا گەشەی زیاتر بكات.

بابەتە پەیوەندیدارەکان