ئەمڕۆ دووشەممه شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی له ئەندرانیک هاروتیونیان، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەرمینیا و کاربەڕێکەری کونسوڵگەری ئەرمینیا کرد، کە بە مەبەستی ماڵئاوایی و تەواوبوونی ئەرکەکەی سەردانی بەڕێز جێگری سەرۆکی ههرێمی كوردستانی کردبوو.
لە دیدارەکەدا، جێگری سەرۆک سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە ئەندرانیک هاروتیونیان کرد، لە بەرامبەر ئەرک و هەوڵەکانی لەپێناو برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەرمینیا لەگەڵ هەرێمی كوردستان، هەروەها هیوای سەرکەوتنی لە کاری داهاتوودا بۆ خواست.
لای خۆیەوە جێگری کونسولی گشتیی ئەرمینیا، سوپاسی هاوكاریی و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی كرد و جەختی لە بەردەوامبوون و برەودانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستاندا کردەوە.