محەمەد عەبدولڕەحمان
سەرۆكی شارەوانیی شارەزوور، لەڕێگەی كوردستانی نوێ-وە زانیاریی لەسەر دابینكردنی زەوی بۆ فەرمانبەران دەخاتەڕوو، كە «بەشێك لە فەرمانبەران شوێنی زەوییەكان بە گونجاو نازانن».
سالار ئەحمەد رەشید سەرۆكی شارەوانیی شارەزوور، پێیڕاگەیاندین: ئەو پارچەزەویانەی دیاریكراون و بەردەستن بۆ دابەشكردن، كێشەی هونەرییان تێدایە و لە هەوڵی چارەسەركردنیداین، وتیشی: ژمارەی فەرمانبەری سوومەندنەبوو نزیكەی 4000 و فەرمانبەری شارستانی، سەربازی و خانەنشینانن.
سەبارەت بە رێوشوێنەكانی دەستنیشانكردن و جیاكردنەوەی زەوییەكانیش، وتی: نزیكەی 600 دۆنم زەوی لە سنووری شارەوانیی شارەزووردا ئامادەكراوە، بەڵام داواكاریی بەشێك لە فەرمانبەران و خانەنشینان ئەوەیە كە شوێنی زەوییەكان بگۆڕدرێن و تەئكیددەكەنەوە كە ئەو شوێنانە شایستەی ماندووبوونی ئەوان نییە و دەبێت لە شوێنی باشتر زەوییان پێبدرێت، وتیشی: ئێستا كار لەسەر دانانی نەخشە و كارە هونەرییەكانی پرۆسەكە دەكرێت و ئەگەر گرفتێك نەیەتە پێش، دەتوانرێ لەم ساڵدا دەست بە دابەشكردنی زەوییەكان بكرێت.