بهڕێوبهری كشتوكاڵی شارهزوور بۆ کوردستانی نوێ :
بههۆی نهبوونی بودجهی پێویست لە دوای ساڵی 2020ەوە تائێستا وهزارهتی كشتوكاڵ پلانی كڕین و پاڵپشتیكردنی پەینی كیمیایی نییه
راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ کوردستانی نوێ :
هەنگاو نراوە کارگەیەک دروست بکرێت بۆ بەرهەمهێنانی پەینی ئۆرگانی، بۆئەوەی جووتیاران سوودی لێ ببینن لە جیاتی پەینی کیمیایی
راپۆرتی/ محەمەد عەبدولڕەحمان
بە ئامانجی دەستخستنی بەرهەمێکی باشتر جووتیاران پەینی کیمیایی دەکەن بە زەوییەکانیانەوە، لە بازاڕدا پەینی کیمیایی و سروشتیش هەیە و هەڵبژاردنی بەکارهێنانیان دەکەوێتە سەر جووتیارەکە.
گرانی نرخی پەینی کیمیایی لە بازاڕدا کاردەکاتە سەر بەرزبوونەوەی تێچووی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان و بارگرانی لەسەر جووتیاران دروست دەکات.
داواکاری جووتیاران
سەعید محەمەد جووتیار بە کوردستانی نوێی راگەیاند: نرخی پەینی کیمیایی بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرزبووەتەوە، ئەوەش وایکردووە بەشێک لە جووتیاران نەتوانن بڕی پێویست بۆ زەوییەکانیان بکڕن و دواتر بە زەرەر بەسەر جووتیاردا دەشکێتەوە و بەرهەمەکەی بەپێی پێویست باش نابێت.
وتیشی: داوا دەکەین وەزارەتی کشتوکاڵ هاوکاری جووتیاران بێت بە دابەشکردنی پەینی کیمیایی بە سەریاندا یاخود بە نرخی پاڵپشتیکراو پەین بدات بە جووتیاران.
بە وتەی جووتیاران ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە وەزارەتی کشتوکاڵ پەینی کیمیایی دابەشنەکردووە و جووتیاران خۆیان لە بازاڕ پەین بۆ زەوییەکانیان دەکڕن.
وەرزێر نەجمەدین زیاتر لە پێنج ساڵە نووسینگەی کشتوکاڵی هەیە و بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ساڵانە لە وەرزی چاندنی گەنم و جۆ دا جووتیاران روو لە نوسینگە و دوکانەکانی فرۆشتنی پەینی کیمیایی دەکەن بۆ کڕینی پەین بۆ زەوییەکانیان.
وتیشی: چەند جۆرێکی پەین و کود هەیە کە جووتیاران دەیکڕن ئەویش، D,A,P لەگەڵ سەمادی 20 بە 20 متەوازن، کودی سپی یان یۆریای سپی، کودی بۆریش بەکاردەهێنرێت، بەڵام جووتیاران زیاتر D,A,P بەکاردەهێنن لەگەڵ متەوازن، کە لە بازاڕدا چەند جۆرێکی هەیە تونسی، روسی، یابانی، میسری و تورکی، جووتیارانی دەشتی شارەزوور زیاتر خواستیان لەسەر جۆری تورکی و روسییە و دەیکڕن بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانیان.
نرخی پەین لە بازاڕدا
لە بازاڕدا نرخی پەینی کیمیایی بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاد بووە و وەرزێر نەجمەدین دەڵێت: ساڵانی رابردوو نرخی یەک فەردە پەینی کیمیایی 17000 دینار بوو، بەڵام ئەمساڵ نرخی یەک فەردە لە 52000 هەزار دینارەوە دەستپێ دەکات بۆ 57000 دینار، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەی بۆ دابەشنەکردنی پەینی کیمیایی دەگەڕێتەوە بەسەر جووتیاراندا، کە هاوکارێکی باش بوو بۆئەوەی جووتیاران بڕێکی کەمتر بکڕن.
فەرەیدون قادر بهڕێوەبهری كشتوكاڵ له قهزای شارهزوور به کوردستانی نوێی راگهیاند: بههۆی نهبوونی بودجهی پێویست لە دوای ساڵی 2020ەوە تائێستا وهزارهتی كشتوكاڵ پلانی كڕین و پاڵپشتیكردنی پەینی كیمیایی نییه، هەروەها بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار لە بەرامبەر دینار نرخی پەینی کیمیایی لە بازاڕدا بەرزبووەتەوە و ئەوەش ئاستەنگی بەرچاوی بۆ جووتیاران دروستکردووە.
وتیشی: دابینكردنی ههموو جۆره خزمهتگوزارییهكی وهك ( بنهتۆو، پەینی كیمیایی، قڕكهری قهڵاچۆكرنی مێرووه زیانبهخشهكان) له دهسهڵاتی ئێمه وهك بهڕێوهبهرایهتی كشتوكاڵدا نییه و بهپێی پلانی وهزارهت و بهڕێوهبهرایهتی گشتیی كشتوكاڵ ئهگهر ههبێت ئهوه ههموو بهڕێوهبهرایهتی و بهشه كشتوكاڵییهكان پشكی خۆی ههیه و بۆی دهنێردرێت، ئەوکات ئێمهش دابەشی دەکەین بەسەر جووتیاراندا.
پلانی وەزارەت
بەپێی ئامارێکی بهڕێوبهرایەتی كشتوكاڵ، ساڵانە لە دەشتی شارەزوور نزیکەی 50000 دۆنم زەوی کشتوکاڵی دەچێنرێت، لەلایەن زیاتر لە 2200 جووتیارەوە.
رزگار حەمە خدر راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێم بە کوردستانی نوێی راگەیاند: بەهۆی قەیرانی داراییەوە بودجەی تایبەت بە پاڵپشتی و هاوکاری جووتیاران نەماوە، لەمساڵیشدا هیچ بودجەیەکی بۆ دابین نەکرابوو.
وتیشی: لە هەوڵەکانمان بەردەوامین بارگرانی لەسەر جووتیاران کەم بکەینەوە، بە هێنانی پەینی کیمیایی بە کوالێتی لە دەرەوە لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە و بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بەغدا لە دانوستانداین.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاردەکەین بۆ بە بازاڕکردنی ئەو گەنمەی لە سایلۆکان لە جووتیاران وەرناگیرێت، بۆئەوەی جووتیاران زەرەرمەند نەبن.
رزگار حەمە خدر دەڵێت: بۆ جێگرەوەی پەینی کیمیایی جووتیاران رێنمایی کراون پیتمۆست یان پاشەڕۆی ئاژەڵ بەکاربهێنن بۆ بەهێزکردنی زەوییەکانیان، هەروەها هەنگاونراوە کارگەیەک دروست بکرێت بۆ بەرهەمهێنانی پەینی ئۆرگانی، بۆئەوەی جووتیاران سوودی لێ ببینن لە جیاتی پەینی کیمیایی.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو پەینەی بەکاردێت لە ژێر چاودێری وەزارەتی کشتوکاڵدایە، ئەگەر بودجە دابین بکرێت لە داهاتوودا هەوڵدەدەین پەین بۆ جووتیاران دابین بکەین و هاوکار و پاڵشتی جووتیاران بین.