دژی دانانی قەیووم خۆپیشاندان لە ئاکدەنیز بەردەوامە

11:49 - 2025-01-14
کوردستان
161 جار خوێندراوەتەوە


ناڕەزایەتییەکان دژی دەستکیرکردنی هاوسەرۆکانی شارەوانی و سێ ئەندامی شارەوانی و دانانی قەیووم لە ئاکدەنیز بۆ چوارەم رۆژ بەردەوامە.

لە کاتێکدا سێ پەرلەمانتاری پارتی دەم و بەرپرسانی جەهەپە و پارتی کرێکاری تورکیا، ویستوویانە لەگەڵ خەڵکی ناوچەکەدا گفتوگۆ بکەن و سەردانی بازاڕ بکەن، پۆلیس رێگریی لێکردوون، بەوهۆیەوە گرژیی و ئاڵۆزیی لەنێوان پۆلیس و پەرلەمانتاران و خەڵکدا دروستبووە.

هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لە خەڵکی ناڕازی شارۆچکەکە کردووە، بچنە بەردەم بینای شارەوانی، بەو هۆیەوە گرژییەکان زیاتر بوون و هێزە ئەمنییەکانیش پێنج کەسیان دەستگیرکرد.

بەگوێرەی میدیای نزیک لە پارتی دەم، پاش هەوڵێکی زۆر، خەڵکی شارۆچکەکە گەمارۆی سەر بینای شارەوانییان شکاندووە و بڕیاریشە سبەینێ لەبەردەم بینای شارەوانییدا، ناڕەزایەتیی بەرفراوان ئەنجامبدرێت.

لەپاش هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31 ی ئازاری ساڵی ڕابردوو تاوەکو ئێستا قەیووم بۆ حەوت شارەوانی ژێردەستی پارتی دەم و دوو شارەوانی جەهەپە دانراون .

پارتی دەمیش دانانی قەیوم بە کودەتا بەسەر ئیرادەی خەڵک ناو دەبات و دەڵێت، ناڕەزایەتییەکان دژی ئەو کارە بەردەوامدەبن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان