وتەبێژی یەكێتی: گرنگتر لە کات، پێکهێنانی حكومەتێكە كە ببێتە مایەی خۆشگوزەرانی

01:44 - 2025-01-14
کوردستان
417 جار خوێندراوەتەوە



وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت، كۆبوونەوەكانی لیژنەی هاوبەشی یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بەردەوامە و تائێستا لەنێوان یەكێتی و پارتی دا باس لەدابەشكردنی پۆستە حكومییەكان نەكراوە بەڵام یەكێتی تەئكید دەكاتەوە كە پێویستە كەسی شیاو بۆ پۆستەكان دیاریی بكرێن.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكیدا بە PUKMEDIAی راگەیاند، كۆبوونەوەی لیژنەكانی یەكێتی و پارتی بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی هەرێم بەردەوامە و كارە هونەرییەكان جێبەجێدەكەن، كە تایبەتە بە بەرپرسیارێتییەكان و شێوە و سیاسیەتی پێكەوە كاركردن لەگەڵ ئەو پرسانەی كە دەبێت كاری لە پێشینەی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بێت، دوای تەواوكردنی ئەو ئەركەش ئەو كات باس لە دابەشكردنی پۆستەكان دەكرێت، بۆیە تاوەكو ئێستا گفتوگۆ لەسەر پۆستەكان لەنێوان یەكێتی و پارتی نەكراوە.
وتیشی، راستە كات گرنگە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ، بەڵام گرنگتر لەوەش ئەوەیە حكومەتێكی سەقامگیر پێكبهێنرێت كە ببێتە ئارامی خۆشگوزەرانكردنی بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشكرد، خەڵكی كوردستان چیتر ئارام ناگرن لەسەر دابینكردنی پێداویستییەكانیان و پێویستە لەكابینەی داهاتوودا كەسی شیاو لەشوێنی شیاو دابنرێت، بۆئەوەی بەهەموو لایەك بتوانین خزمەتی زیاتر پێشكەش بەخەڵك بكەین.
لەسەر پرسی مووچە سەعدی ئەحمەد پیرە وتی. بۆ چارەسەركردنی پرسی مووچە، ئەگەر هەڵەیەك لە حكومەتی عیراق یان هەرێم هەیە، كە بۆتە هۆی دواكەوتنی مووچە، گرنگە بوێریی ئەوە هەبێت دان بەهەڵەكەدا بنرێت و هاوكاری یەكتر بن بۆ چارەسەركردنی هەڵەكان، جا لە لیستی مووچەخۆراندایە یان لە ژمارەكاندایە، لە عیراقیش كەسانێك هەن كە چاویان بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەرێم هەڵنایەت، بۆیە گرنگە حكومەتی هەرێم كەموكوڕییەكان نەهێڵێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان