یەکێتی پیرۆزبایی لە خەڵکی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دەکات

08:12 - 2025-01-21
کوردستان
100 جار خوێندراوەتەوە

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی لە خەڵکی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان، بەتایبەتی جوتیارانی کورد و تورکمان دەکات کە دوای نزیکەی پەنجا ساڵ لە داگیرکردنی زەویوزاریان لە سەردەمی رژێمی پێشووی بەعسدا، ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە دەنگدان لەسەر یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی مەجلسی قیادەی سەورەی هەڵوەشاوە، مافی بۆ گەڕاندنەوە و وەکو خاوەنی رەسەنی ئەو موڵک و خاکە ئینسافی کردن.

بەم بۆنەیەشەوە دەستخۆشی لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و فراکسیۆنەکانی دەنگیان لەسەر ئەم یاسایە دا دەکەین کە بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و گیانی نیشتمانییەوە لەگەڵ ئەم دۆسێ هەستیارەی مافی هاونیشتمانیانی وڵاتەکەماندا هەڵسوکەوتیان کرد.
هەروەک پیرۆزبایی و دەستخۆشیش لە یەکدەستیی فراکۆسیۆنە کوردستانییەکان و بەتایبەتیش کۆششی فراکسیۆنی سەوز و تیمی یەکێتی لە بەغدا دەکەین کە هەوڵی بێوچانیان بۆ کۆدەنگی لەسەر ئەم پرسە خستەگەڕ.

وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێمان وایە هەڵوەشانەوەی بڕیارەکانی زەوتکردنی زەویوزاری خەڵک لە کەرکوک و هەر شوێنێکی تری ناوچە دابڕاوەکان چەسپاندنی دادپەروەری و سەلماندنی مافی خەڵکە کە سەرەنجام ژینگەی پێکەوەژیانی هاووڵاتیان و رێگای ئاشتەوایی نێوان پێکهاتەکان لە عیراقی نوێ ئاوەدانتر دەکات.

مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢١-١-٢٠٢٥

بابەتە پەیوەندیدارەکان