ئارام عەزیز
ناوی لە مێژینەی هەولێر(ئەڕبیل یان ئوڕ + ئیل) هەردوو بەشی ناوەكەی لە بنەڕەتدا لە دوو وشەی زمانی سۆمەرییەوە وەرگیراوە. بە پێی هەندێك لێكدانەوە(ئوڕبیل، یان ئوڕئیل)، واتای(شاری خودا) دەبەخشێت. لە دەقە مێخییەكاندا لە سەردەمی سولالەی ئوڕی سێیەم(2112-2004 پ.ز)، ناوی هەولێر بە(ئوڕبیلوم یان ئەڕبیلم) هاتووە، لە دەقەكانی سەردەمی بابلیی كۆندا(2004-1595پ.ز) بە(ئوڕ-بی -یل) یان(ئوڕو-بل) هاتووە. لە سۆمەرییدا بە خودا گوتراوە (Dingir)(ئاربائیل) لە نووسینی خەتی مێخی سۆمەرییدا بە(4.دینگیر) واتە(چوار خودا) هاتووە، لە دەقەكانی سەردەمی ئاشووری ناوەڕاست و سەردەمی ئاشووری نوێشدا ناوەكە هەر بەم فۆڕموولەیە هاتووە.هەولێر، ناوەندێكی ئایینی گرنگ بووە و لە مێژووی كۆندا بە پەرستنی عەشتار بەناوبانگ بووە، لە تەك نەینەوا و ئاشووردا. پەرستگای عەشتار لە هەولێر ناوی(ئی.گاشان.كلامان) بووە، كە بە زمانی سۆمەری دەكاتە «ماڵی خانمی وڵات- بیت سیدة البلاد»، كە لەسەر زەقورەیەك پێدەچێت لەسەر قەڵای هەولێر بووبێت. بەڵام د. پەروین بەدری تۆفیق لە توێژینەوەیەكیدا ئاماژە بەوە دەكات، كە پەرستگای عەشتار ئاڕبائیل لە گردی قەڵاچۆغانی نزیك گوندی گەزنەی ئێستای بەحركەیە لە دەرەوەی قەڵای هەولێر. پادشاكانی ئاشووری پێش چوونیان بۆ هەر شەڕێك و شاڵاوێكی سەربازیان، دەچوونە پەرستگای عەشتار ئەڕبێلا و داوای پێشبینیی و پێش ئاگاییان لێدەكرد، سەبارەت بە جەنگ یان ئەو كارەی كە نیازیان هەبوو بیكەن، بە پێی سەرچاوەكان پەرستگای عەشتار ئەربێلا ناوەندێكی گرنگی پێشبینیكردن بووە لە رێگای شیكردنەوەی جگەری قوربانییەكەوە.
هەولێر ناوەندێكی ئایینی گرنگ بووە و لە مێژووی كۆندا لە تەك نەینەوا و ئاشووردا، بە پەرستنی عەشتار بەناوبانگ بووە
خوداوەندی(عەشتار)، كە سیمبولەكەی(شێر)ە، چۆن لە(زاموا) پەرستراوە، لە(ئوڕبیل)یش بەهەمانشێوە دیارە(عەشتار)ی ئەكەدیی«بابلیی و ئاشووری»، خوداوەندی(ئینانا)ی سۆمەرییە، كە ئینانا دەكاتە كۆی چوار(ئەنا)كەی لەفزی خودا(جل جلالە) لە سەرەتا و بیدایەتی خەلیقەتدا فەرمووی و هەر جارەی مەخلوقێك وەڵامی دایەوە و بوونەتە چوار ئایەتەكەی یەكەمی سوڕەتی فاتیحە. بۆ نموونە خودا كاتێك فەرمویەتی (إِنَّنِي أَنَا اللَّهُ لا إِلَهَ إِلاَّ أَنَا فَاعْبُدْنِي وَأَقِمْ الصَّلاةَ لِذِكْرِي) حەزرەتی ئادەم وەڵامی داوەتەوە، ئەمە بووە بە ئەلفی یەكەم، دواتر خودا لەفزێكی دیكەی فەرموو، ئەمجارەیش مەلائیكەت وەڵامی داوەتەوە، ئەمەش بوو بە ئەلفی دووەم، بۆ جاری سێیەم خودا لەفزێكی دیكەی فەرمووە و جنۆكە وەڵامی داوەتەوە و ئەمەیش بوو بە ئەلفی سێیەم، دواجار خودا لەفزێكی دیكەی فەرموو لە موجادەلەی گەورەی گەردوونداو، ئەمجارەیان مرۆڤ وەڵامیان داوەتەوە و بووە بە ئەلفی چوارەم، «بەم شێوەیە»چوار جار لەفزی ئەناكەی خودا» كە وەڵامی هەر ئەنایەكە دەبێتە ئەلفێك و وەڵامی هەر چوار مەخلوق پێكەوە دەبێتە«ئاڕبائیل»، واتە ئەو خودایەی كە ناوەكەی چوار ئەلفە(أأأأ)، نەك چوار خودا، كە ئەویش دەكاتە «الله» جل جلالە. سەربڕینی چوار باڵندەكەی حەزرەتی ئیبراهیم و ژیاندنەوەی هەر لەو چوارەوە هاتووە، چونكە ژیاندنەوە تەنها بۆ حیسابە، تەنها ئەو چوار مەخلوقەیش لێی دەپرسرێتەوە، كە لە سەرەتای خەلیقەتدا و لە موجادەلەی گەوەری گەردووندا هەریەكەیان وەڵامی لەفزێكی خودایان داوە و وەڵامەكەیان بوو بە (أ) ئەلفێك و ئەلفەباش لەوەوە هاتووە، كە داتای زمانن.
سەرچاوەكان:
1/ شاسوار هەرشەمی، داستانی گلگامیش
2/ دكتور نائل حنون، حقیقة السومریین و دراسات اخری فی علم الاثار و النصوص.
3/ المسماریة، سامي عەلي عەزیز(ئارام)، فریادڕەس لە نێوان مەهدی و عیسادا