ئا: رەوەست نەوزاد
نزیكەی 70 ساڵە شاری هەولێر خاوەنی یاریگای سەرەكی خۆیەتی، كە ئێستا بۆتە یاریگای یانەی وەرزشی هەولێر، بەڵام ئەوەی یاریگاكە ببینێت هەست بە زۆریی كەموكوڕییەكانی دەكات، ئەوەش بە وتەی وەرزشوانان و هاندەران ئەو یاریگایە، بۆ شارێكی گەورەو قەرەباڵغ و پایتەختی هەرێمی كوردستانی وەكو هەولێر ناگونجێت، هەرچەندە بڕیار لە دروستكردنی شارێكی وەرزشی دراوە لە هەولێر، بەڵام بە هۆكاری تەرخان نەكردنی بودجە، تا ئێستا هیچ كاتێك بۆ دەستپێكردنی پرۆژەكە دیاریی نەكراوە.
لەبارەی مێژووی یاریگاكە، زاگرۆس نانەكەلی نووسەر و میدیاكاری وەرزشی شاری هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: زۆربەی ئەو كەسانەی باسی مێژووی دروستكردنی یاریگای هەولێریان كردووە، دەڵێن لە ساڵانی شەستەكانی سەدەی رابردوو دروستكراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كاری جددی بۆ زانینی مێژووە راستەقینەكەی نەكراوە، بۆیە بەرواری دروستكردنی لەگەڵ دامەزراندنی یانەی هەولێر كراوە بە یەك مێژوو، كە ئەمەش بەهەڵە رۆیشتووە .
وتیشی: بەپێی بەڵگە و ئەرشیفی خۆم، كاتێك دیمانەیەكم لەگەڵ وەرزشوانی دێرینی هەولێر كۆچكردوو محەمەد عوسمان ئەنجامداوە، ئەو پێیوابوو دروستكردنی یاریگاكە، كە ئەوكات ناوەكەی(یاریگای ئیدارەی مەحەلی هەولێر) بووە، لە نێوان ساڵانی 1953 – 1954 لەلایەن ئیسماعیل حەقی ئەفەندی پارێزگاری ئەوكاتی هەولێر بڕیاری دروستكردنی دراوە.
ئەوەش ئاشكرا دەكات: هەر بە گوێرەی بەڵگەكان، دوای دروستكردنی گەڕەكێك لە هەولێر بەناوی ئازادی، شوێنی یاریگاكەی ئێستای هەولێر چۆڵ دەبێت، بۆیە پارێزگاری شارەكە، فەرمان دەكات بە دروستكردنی ئەو یاریگایە، لێرە دەگەینە ئەو راستییەی ئەو یاریگایەی شاری هەولێر لە ساڵی 1953 دروستكراوە، كە بینا و پلیكانەكانی تا دەیەی ساڵی دوو هەزارەكان، تەنیا دوو پەیژەی بچووكی هاندەرانی هەبووە، بەڵام دواتر تەواوكرا و گەورەتر كرا.
لەلای خۆیەوە سامان بریفكانی بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی یانەی وەرزشی هەولێر لەبارەی كەموكوڕی یاریگاكە وتی: بەهۆی بچووكی شوێنی یاریگاكە توانای ئەوەی نییە، گەورە و فراوان بكرێت، بۆیە دەكرێت لە جێگایەكی تر یاریگایەكی دیکە دروست بكرێت، بەتایبەتی كە ئێستا كەوتۆتە ناوەڕاستی شارەكە و لەكاتی بوونی هەر چالاكییەك، قەرەباڵغی و جەنجاڵی زۆر دروست دەكات، هەروەها كێشەیەكی دیکەی یاریگاكە، نەبوونی پاركی گەورەی وەستانی ئۆتۆمبێلی جەماوەر و میوانانە.
ئاماژەی بەوەشكرد: ئێمە وەكو رۆژنامەنووسانی وەرزشی چەندینجار داوامان كردووە، یاریگایەكی دیکە بۆ یانەی هەولێر لە شارەكە دروست بكرێت، بۆ نموونە دەتوانرێت لەسەر شەقامی 150مەتری شارەكە دروستبكرێت، كە شەقامێكی فراوان و گەورەیە، لەوەش زیاتر دەتوانرێت كۆمەڵگایەكی وەرزشی لەوێ دروست بكرێت، كە هۆتێل و چێشتخانە و شوقە و مەلەوانگە و یاریگای یارییەكانی دیكەی تێدا دروست بكرێت.
د. ئەژی خەلیل باپیر، بەڕێوەبەری پلاندانان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەرزش لە وەزارەتی وەرزش و لاوانی حكومەتی هەرێم بە كوردستانی نوێی راگەیاند: حكومەت بە نیازی جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكە لە شاری هەولێر كە بریتییە لە شارێكی وەرزشی، ئەو پڕۆژەیە هێشتا دیزاین نەكراوە تەنیا پێكهاتە و پێدوایستییەكانی دیارییكراوە، رووبەڕی پێشنیازكراو بۆ ئەو شارە نزیكەی 51 دۆنم زەوییە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی، بودجەی پێویست بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكە تەرخان نەكراوە.
دیمەنێکی کۆنی یاریگای یانەی وەرزشی هەولێر