شەقامەكانی هەولێر بۆ لێخوڕینی پاسكیل شیاو نین

11:09 - 2025-01-22
دووتوێ
14 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رەهێل سەمەد

هەرچەندە بەهۆی زۆری جەنجاڵی و ژمارەی ئۆتۆمبێل، بەكارهێنانی پاسكیل كەمیكردووە و ئاستەنگی بۆ دروستبووە، لەگەڵ ئەوەشدا لەوڵاتان چارەسەریان بۆ دۆزیوەتەوە و شەقامی تایبەتیان بۆ تەرخانكردووە، بەڵام ئەوەی لە هەرێمی كوردستان بەتایبەتی لە شارێكی وەك هەولێر دەبینرێت، لێخوڕینی پاسكیل زۆر زەحمەت بووە، وەك هاووڵاتیان ئاماژەی بۆ دەكەن، جگە لە نەبوونی شوێنی تایبەت بۆ لێخوڕینی پاسكیل، هاوكات بەشێكی زۆر لە ئۆتۆمبێل و شوفێران رێگرن لەوەی پاسكیلسوارەكان بە ئازادی و بەبێ ترس هاتۆچۆ بكەن، ئەمەش وایكردووە رێژەی بەكارهێنانی پاسکیل لە هەولێر كەمبێتەوە.
مەحموود كەمال تەمەن 40 ساڵ باس لە لێخوڕینی پاسكیل دەكات و بە كوردستانی نوێی راگەیاند: هەر لەمنداڵییەوە ئارەزووی لێخوڕینی پاسكیلم هەبووە و لەزۆربەی تەمەنەكان بەكارمهێناوە، زیاتر بۆ هاتوچۆی مەكتەب، هەندێكجاریش بۆ كڕینی پێداویستیی ماڵەوە، ئەمە جگە لەوەی لەگەڵ هاوڕێكانم پێشبڕكێمان دەكرد یان دەچووین بۆ گەشت و سەیران.
وتیشی: تا ئەوكاتەی پاسكیلم بەكاردەهێنا تەندروستیم زۆر باش بوو و لەش و لارێكی رێكم هەبوو، بەڵام دوای ئەوەی بەهۆی جەنجاڵی و زۆربوونی ئۆتۆمبێل بواری لێخوڕینی پاسكیل زەحمەت بوو، بەهۆیەوە نەمدەتوانی لەكاتی خۆیدا بگەمە سەركار یان شوێنی مەبەست، خۆم و زۆربەی هاوڕێكانم دەستبەرداری پاسكیل بووین، لەكاتێكدا دەبوو لە شەقامەكانی هەولێردا، شوێنی پاسكیل تەرخان بكرێت، یان داوا لە شوفێرانی ئۆتۆمبێل بكرێت، هاوكاری پاسكیلسوارەكان بكەن، نەوەك هەراسانیان بكرێن.
پێشنیازی ئەوەشی كرد: پێویستە حكومەت رۆژێك بۆ بەكارهێنانی پاسكیل بۆ دەوامی دائیرەكان لەجیاتی ئۆتۆمبێل دیاریی بكات، ئەمەش وادەكات زۆربەی خەڵكی ببنە خاوەن پاسكیل و بەلایانەوە ئاسایی بێت،  لە هەر تەمەن و پێگەیەكی كۆمەڵایەتیدا بێت، ئەوەش لە زۆر وڵاتدا هەیە كە دەبینین وەزیر و سەرۆك وەزیرەكان، بە پاسكیل دەچنە دەوامەكانیان.
كاوە عارف 45 ساڵ، باس لە بەكارهێنانی پاسكیل دەكات و دەڵێت: لەو كاتەوەی بۆسەر كارەكەم پشت بە پاسكیل دەبەستم، بەهۆی خراپی شەقامەكان و نەبوونی شوێنی شیاو، زیاتر لە سێ جار تووشی رووداوی كەوتن و برینداربوون هاتووم، هەندێك لە ئۆتۆمبێلەكان تەنانەت نەوەستاون و بەجێیانهێشتووم، هۆكارەكەی ئەوەیە لێرە لە هەولێر بەشی زۆری شوفێران رەچاوی پاسكیلسوارەكان ناكەن. 
وتیشی: لە هەولێر پاسكیل لێخورین رووی لە كەمیكردووە، بەتایبەتی لەلایەن گەنجان، ئەوەش بەهۆی زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل و شارەزا نەبوون لە سوودەكانی ئەو ئامێرە، چونكە پاسكیل جگە لەوەی وەرزشە، لەهەمانكاتدا لەرووی ئابوورییەوە خەرجی كەمە و قەرەباڵغی دروست ناكات، هەروەها بە بەراورد بە ئۆتۆمبێل، سەلامەتترە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان