خەڵكی بیانیی سەرسامن بە جامانەی كوردی

11:14 - 2025-01-22
دووتوێ
16 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئیمان فەرهاد

خەڵكی بیانی ئەوانەی سەردانی كوردسان دەكەن، سەرسامن بە جلی كوردی، بەتایبەتی  كڵاو و جامانە، وەك فرۆشیاران ئاماژەی بۆ دەكەن، بەشێكی زۆر لە كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان، لە كاتی بۆنەكانی كوردستان و رێوڕەسمە تایبەتەكان، جامانە لەسەر دەكەن و بەردەوام داوای دەكەن.
هیدایەت شێخانی خاوەنی شوێنی فرۆشتنی جامانە لە ناو بازاڕی قەیسەری هەولێر بە كوردستانی نوێی راگەیاند: جامانە وەك بەشێك لە جلوبەگی كوردی، چەندین جۆری هەیە و هەریەكەیان بە گوێرەی دابونەریت و ناوچە جیاوازەكانی كوردستان دەگۆڕێت، بەتایبەتی لە شارێكی وەك هەولێر و خەڵكی گوند و دێهاتەكان و كەسانی بەتەمەن بەكاریدەهێنن، هەر ئەمەش وایكردووە، شوێنی فرۆشتنی جامانە زۆربێت، ئێمەش یەكێكین لەوانە.
وتیشی: جگە لە خەڵكی خۆمان، رۆژانە كەسانی بیانی سەردانمان دەكەن، بەتایبەتی كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان لە هەولێر، ئەوان زۆر سەرسامن بە جامانەی كوردی و وەك بەشێك لە كەلتوری ئێمە و سیمایەكی كوردەواری سەیری دەكەن، بۆیە زۆربەیان دەیكڕن و لە بۆنە و یادەكانی تایبەتەكانی كوردستان، لەگەڵ جلی كوردی بەكاری دەهێنن.
ئاماژەی بەوەشكرد: گرفتی ئەو بیانیانە لە جامانە ئەوەیە، شێوازەی بەستنیەتی، زۆر بە كەمی فێردەبن، بۆیە ئێمە لێرە بۆیان ئامادە دەكەین و ئەوانیش دەیكەنە سەریان.
سەبارەت بە نرخەكەی وتی: نرخی جامانە دەگەڕێتەوە سەر جۆری قوماشەكەی، بە جۆێك لە 5 هەزار دینار تا 150 هەزار دینار هەیە، هەمووشی  دەستكردی خۆمانە، راستە هەندێكی لە وڵاتانەوە دێت، بەتایبەتی لە وڵاتی چین و سوریا، بەڵام لێرە چوارچێوەكەی بۆ دادەنێن.
ئاماژەی بەوەشكرد: خۆشبەختانە ماوەیەكە كارگەیەكی تایبەت بە دروستكردنی جامانە لە شاری هەولێر كراوەتەوە، بەمەش رێژەی هاوردەكردنی كەمتر دەبێتەوە، بەڵكو هەمووی دەستكردی ناوخۆ دەبێت.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان