حسێن عەزیز
ئەرسەلان ئەحمەد سەرۆكی شارەوانیی رزگاری بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: قیرتاوكردنی رێگەی جووتسایدی سەرەكیی گەڕەكی شاكەل لە ناحیەی رزگاری کە نزیكەی 10 ساڵە بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەوە راگیراوە، لەسەر بودجەی ئیدارەی گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بە بودجەی ملیارێك دینار گەیشتە دوا قۆناغ و قیرتاوكردنی دەستیپێكردووە.
راشیگەیاند: لە گەڕەكی راپەڕینیش لە ناحیەی رزگاری، بە بڕی 500 ملیۆن دینار لە سەر ئەركی یەكێتی تۆڕی كارەبای نیشتمانیی گەیەنرایە هەموو گەڕەكەکە و رێگەی سەرەكیی گەڕەكەكەش قیرتاوكرا.
وتیشی: بڕیارە پاركێكی نمونەیی لە سنووری شارەوانیی بە بودجەی 250 ملیۆن دینار دروستبكرێت و جێگەی پێویستی بۆ دابینكراوە و كاری نەخشەسازیی و دیزانی بۆ كراوە، لە ماوەیەكی نزیكدا دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.