ئاوات كۆكەیی
بوو بە 40 ساڵ و هێشتا فەرماندەكەی كەرتی چوارە، فەرماندەی كەرتە دوژمن بەزێنەكەی جەبارییە و قەڵای ورەیە بۆ پێشمەرگە، بوو بە 40 ساڵ و مەرگیش نەیتوانیوە وێنەی مامەڕیشە لەبەر دیدەی روانینی ئێمە بسڕێتەوە، ناوبانگ و یادەوەرییەكانی ئەو هێشتا زیندوون و كاریگەرن.
بۆیە لە یاد و لە دەرەوەی یادەكەش، هەمیشە مامەڕیشە لەنێو دێڕی باسوخواسەكانماندا ئامادەیی هەیە، نەوە دوای نەوە رادەستی ئەوەی تری دەكات و جار لەدوای جاریش وەك جوامێرێكی كەڵەگەت، خۆی دەكاتەوە سەرمەشقی زەمەن و پێمان دەڵێت: ئەوە فێرگەی مامەڕیشەیە و هەزاران فێرخواز پەروەردە دەكات.
هەڵۆكەی گەرمیان
شەهید نەجمەدین مام شوكر ناسراو بە مامەڕیشە، لە دایكبووی ساڵی 1953ی گوندی (تاڵەبان)ی چەمچەماڵە.
ساڵی 1973 لە رێكخراوی بەرگریی فەلەستینیدا بۆتە فیدایی و لە یەكێك لە شەڕەكانیشدا برینداربووە.
ساڵی 1978 وەك پێشمەرگەیەكی سەربەخۆ كەوتۆتە چالاكی دژی رژێمی بەعس، دواتر لە ریزەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستاندا وەردەگیرێ و لە مەفرەزەكانی هەرێمی پێنجی ئەوسای شۆڕشی نوێ، برەو بەخەباتی چەكداریی دەدات.
مامەڕیشە كە بەڕەسمی دەبێتە پێشمەرگە، هەڵمەت و ئازایەتییەكەی، دەبێتە بروسكەی هەوری بەهار و بە خێرایی هەناوی ورەی دوژمن شەق دەكات، دەچووە سەر مۆڵگەی داگیركەر و بەخێرایی دەستی لە دوژمن دەوەشاند و لە چاوتروكانێكدا بزر دەبوو، لە ناكاویش بە كۆمەڵێك دەستكەوتەوە دەگەڕایەوە ناو پێشمەرگە، لە پای ئەوە لە ساڵی 1982دا كرا بە فەرماندەی كەرتی چواری جەباری.
چالاكییەكانی ریشە، هێندە زۆرن ناژمێردرێن، بەشێك لەو چالاكییانە كاری نەكردە و سەیر بوون، دەچووە قووڵایی دوژمنەوە و تەنانەت لەناو شاری كەركوكدا دەستی بە زەبری لێ دەوەشاندن.
دوژمن زۆر لێی بەداخ بوو، كە دەرەقەتی خۆی نەدەهاتن، (مام شوكر)ی باوكیان گرت و شەهیدیانكرد، خێزانەكەشی دەربەدەركران، بەوەش لێنەگەڕان، هەوڵیاندا لە شەڕێكدا یان لە بۆسەدا شەهیدی بكەن، بەڵام جار لەدوای جار دوژمن خۆی دەكەوتە بۆسەی ریشەوە.
دواجار دەزگاكانی بەعس پیلانێكی تۆكمەیان داڕشت، لە رێگەی كۆمەڵێك كوردی سەر بە رژێمەوە كە گوایە دەیانەوێ بێنە ناو ریزی پێشمەرگەوە و لەپەنا دۆستایەتییەوە، رۆژی 24/1/1985 لە گوندی (حەسەن ئاوا)ی سنووری كەركوك، لەگەڵ هەردوو پێشمەرگەی ئازا، موحسین بیكەیسی و سەردار قەرەتاموری، شەهیدكران.