شەوی سێشەممەی رابردوو 21/1، لە یەكێك لە یارییەكانی جەولەی حەوتەم و پێش كۆتایی قۆناغی 32 یانەی چامپیۆنس لیگدا، بارسیلۆنا 5-4 لە بەنفیكای بردەوە، یارییەكەش لە پورتوگال و لە یاریەگای نور -ی تایبەت بە یانەی بەنفیكا كرا، لەم یارییەدا، وەك سایتی ئۆپتا بڵاویكردۆتەوە، ئەم ئامار و ریكۆردانە تۆمار كران :
*بارسیلۆنا بوو بە دووەم یانە لە مێژووی چامپیۆنس لیگدا 4 گۆڵی لێكرابێت و یارییەكەشی بردبێتەوە.
*لەسەرجەم ئەو پاڵەوانێتییە كیشوەرییانەی بارسیلۆنا بەشداریی تیادا كردووە، ئەمە یەكەمین جارە 2 گۆڵ لە دواوە بێت و دواجار یارییەكە بباتەوە، چونكە لە كاتێكی یارییەكەدا بارسا 3-1 لە دواوە بووە، بەڵام دواجار ئەنجامی یارییەكەی كرد بە 5-4.
*لە دوای ساڵی 2015 – ەوە ئەمە یەكەم جارە 6 یاریی یەك لەسەر یەك لە چامپیۆنس لیگدا دەباتەوە.
*بوو بە یەكەم یانە لە مێژووی چامپیۆنس لیگدا كاتێك تا دەقیقەی 75، بە جیاوازی 2 گۆڵ لە دواوە بێت، دواجار یارییەكەی بباتەوە.
شایانی باسە ئەو یارییە، حەوتەم یاریی بارسا بوو لەكۆی ئەو 8 یارییەی لە قۆناغی 32 یانەدا بیكات، ئێستا یەك یاریی ماوە بەرامبەر ئەتڵەنتا لە یاریگای خۆیدا دەیكات، جگەلەوەش، ئەنجامی ئەو یارییە هەرچۆنێك دەبێت، بارسا و لیڤەرپوڵ، لەم جەولەیەوە بوون بە یەكەم و دووەم یانە بتوانن لەكۆی 8 یانە كە راستەوخۆ دەگەنە قۆناغی 16 یانە، سەركەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر بكەن.